Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە تورکیا دەکات دان بەخۆیدا بگرێت لە سوریادا


ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە ئەرکە سەربازییەکەی تورکیا لە باکووری سوریا و گەورە بەرپرسانی ئەمەریکا ترسی ئەوەیان هەیە کە ئەمە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ناکۆکییەکە و خراپتر ببێت.

ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی کۆشکی سپی سارا هوکەبی ساندەرز وتی "ئەمەریکا لە نیگەرانییە یاساییەکانی تورکیا تێدەگات سەبارەت بە ئاسایشی وڵاتەکە و بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ تورکیادا وەکو هاوپەیمانێکی ناتۆ."

وتی " زیادبوونی توندوتیژییەکان لە عەفرین دەبێتە هۆی ناجێگیربوونی ئەو ناوچەیەی سوریا. هەروەها بەربەست دەخاتە بەردەم هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ لەناوبردنی تەواوەتی داعش، لەوانەیە ئەو توندوتیژیانە وابکەن داعش و قاعیدە لەو ناوچانە دروست ببنەوە، هەروەها قەیرانە مرۆییەکانیش زیاتر دەکات."

ساندەرز داوای لە تورکیا کرد دان بەخۆیدا بگرێت لە ئەرکە سەربازییەکان و لێدوانەکانیدا، دڵنیا بێتەوە لەوەی ئەرکەکانی سنوردارن، هەروەها دڵنیا ببێتەو لەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بەردەوام بن، هەروەها خۆیان بەدوور بگرن لە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی. هەروەها وتیشی " ئێمە دەمانەوێت ڕژێمە دڕندەکەی ئەسەد نەگەڕێتەوە بۆ عەفرین، هەروەها بەردەوام دەبین لە کارکردنی سیاسییمان بۆ کۆتایی هینان بە جەنگی ناوخۆی سوریا."

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا بهێڵێتەوە و لە هەمان کاتیشدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردەکان و هێزەکانی دیکەدا توند بکاتەوە کە تورکیا کردوونیەتە ئامانج.

لە لەندەن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن وتی " ئەمەریکا بۆ شکستپێهێنانی داعش لە سوریادایە، ئەوەشمان کردووە بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ هاوبەشەکانماندا، بەتایبەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە کورد و عەرەب پێکهاتوون و هەندێکیشیان هێزە مەسیحییەکانن. بەڕاستی ئەوان کۆمەڵێک چەکدارن کە هەر کامێکیان لە دین و نەتەوەیەکی جیاوازەوە هاتوون و ئامادەن پارێزگاری لە نیشتیمانی خۆیان بکەن. بۆیە ئێمە نیگەرانین سەبارەت بە ئەرکە سەربازییەکەی تورکیا لە باکووری سوریا."

دواتر تیلەرسن سەبارەت بە نیگەرانییەکان لەبارەی گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکاوە وتی " پێم وانیە ببینیت دوو هاوپەیمانی ناتۆ ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە."

تیلەرسن وتی تورکیا نیگەرانە سەبارەت بە سنوورەکە و چوونە ناوەوەی تیرۆریستان بۆ تورکیا و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و ئێمە ڕێز لەوە دەگرین کە دەیانەوێت بەرگری لە خۆیان بکەن، بەڵام ئەمە بارودۆخێکی قورسە کە زۆرێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی لەو شوێنانەدان. بۆیە ئێمە داوامان لێکردوون تەنها هەوڵبدەن ورد بن و ئەرکەکانیان سنووردار بکەن و هەوڵبدەن دان بەخۆدا گرتن پیشان بدەن.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG