وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا " پێنتاگۆن " وتی سیاسەتی سوپای ئەمەریکا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش لە سوریادا نەگۆڕاوە دوای گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا و هەروەها کاتێک دیاری نەکراوە بۆ کشانەوەی هێزەکان لەو وڵاتەدا.
بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە وتی سەرۆک ترامپ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیدا ڕازی بووە بەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریادا بمێننەوە بۆ ماوەیەکی زیاتر لەپێناو شکست پێهێنانی ڕێکخراوی داعشدا بەڵام دەیەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو هێزانە بکشێنێتەوە.
سەرۆک ترامپ ئارەزووی خۆی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریادا دەربڕی، ئەوەش لەمیانەی وتارێکدا لە هەفتەی ڕابردوودا. بەرپرسانی ئەمەریکیش وتیان سەرۆک ترامپ لە کۆبوونەوەیەکی ڕانەگەیەنراودا لەگەڵ یاریدەدەرەکانی بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتیمانی فشاری کردووە لەپێناو ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا زووترلە سوریا بکشێنەوە.
جەنەڕاڵ کینیث مککێنزی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " هەمیشە باوەڕمان وابووە کە لەگەڵ ئەوەی گەیشتینە کۆتایی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش لە سوریادا ئەوا لەو کاتەدا بوونمان لەو وڵاتە کەم دەکەینەوە. لەبەر ئەوە هیچ شتێک نەگۆڕاوە."
مککێنزی وتیشی سەرۆک ترامپ کاتێکی دیاری نەکردووە بۆ کشانەوەی سوپای ئەمەریکا.
وتی " کاتمان بۆ دیاری نەکراوە کە ئەوەش زۆر باشە. زۆر باشە کە سەرۆک دووبارە کاتێکی بۆ دیاری نەکردین، بۆیە لەگەڵ بەردەوامبوونماندا ئەوە لەبەرژەوەندیی خۆمان بەکاردەهێنین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز