Accessibility links

ئەمەریکا و 20 وڵاتی دیکە سەرکۆنەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی کوبا دەکەن


ئەمەریکا و 20 وڵاتی دیکە سەرکۆنەی کوبایان کرد لەسەر سەرکوتکردنی هەزاران کەس لە خۆپیشاندەرانی ئازادی و داوایان لە هاڤانا کرد خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکات و خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت دووبارە لە وڵاتەکەدا چالاک بکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەمڕۆ دیموکراسییەکانی سەرانسەری جیهان پێکەوە پشتیوانی لە گەلی کوبا دەکەن، داوا لە حکومەتی کوبا دەکەن ڕێز لە داواکان بۆ مافە مرۆییە جیهانیەکان بگرێت."

وتی حکومەتی کوبا کە سەدان کەسی لە خۆپیشاندەرەکان دەستگیرکردووە " وەڵامی داوەتەوە، نەک بە گرنگیدان بە دەنگی گەلەکەی خۆی، بەڵکو بە کپکردنی زیاتری ئەو دەنگانە، ئەوەش لەڕێی دەستبەسەرکردنە نابەجێ و دادگاییە نهێنیەکانەوە کە هیچ ڕەوایەتیەکیان تێدا نیە."

لە بەیاننامە هاوبەشەکەی ئەمەریکا و 20 وڵاتەکەی دیکەدا هاتووە دەڵێت ئەو دەیان هەزاران هاوڵاتیەی کوبا کە لە 11 ی مانگی حەوتدا ڕژانە سەر شەقامەکان " مافی دەربڕین و گردبوونەوەی ئازادانەی خۆیان بەجێهێناوە، ئەو مافەش لەلایەن پەیماننامەی نێودەوڵەتیەوە بۆ مافەکانی مرۆڤ تۆمارکراوە."

هەروەها دەڵێت " داوا لە حکومەتی کوبا دەکەین گوێ لە دەنگ و داواکانی گەلی کوبا بگرێت، پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەلی کوبا و هەموو ئەوانەی بۆ دەستەبەرکردنی ئازادییە بنچینەییەکانیان ناڕەزایی دەردەبڕن، نەگۆڕە."

هەریەک لە بەڕازیل، نەمسا، کۆڵۆمبیا، کڕواتیا، قوبرس، چیک، ئیکوادۆر، ئیستۆنیا، گواتیمالا، یۆنان، هوندۆراس، ئیسڕائیل، لاتیڤیا، لیتوانیا، کۆسۆڤۆ، مۆنتێنینگرۆ، باکووری مەقدۆنیا، پۆڵەندا، کۆریای باشوور و ئۆکرانیا، لە پاڵ ئەمەریکادا سەرکۆنەی حکومەتی کوبایان کرد لەسەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئەو وڵاتە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG