ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان دەڵێت " هۆکار هەیە بۆ ئەوەی باوەڕمان وابێت " بارمتەیەکی ئەمەریکایی ڕۆژی یەکشەممە لە غەززە ئازاد دەکرێت.
سۆلیڤان بە پڕۆگرامی Meet the Press ی کەناڵی ئێن بی سی وت " هۆکارێکمان هەیە بۆ ئەوەی باوەڕمان وابێت یەکێک لەو ئەمەریکاییانە ئەمڕۆ یەکشەممە ئازاد دەکرێت."
سۆلیڤان ڕەتی کردەوە ناوی ئەو بارمتەیە ئاشکرا بکات کە ڕەنگە ئازاد بکرێت. کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا بارمتەکە ئەو کچە چوار ساڵەیە کە دایک و باوکی کوژراون، وتی " هەست دەکەین دەزانین کێیە بەڵام من ناتوانم پشتڕاستی بکەمەوە."
بەپێی ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی چوار ڕۆژەیی، حەماس و ئیسڕائیل ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی حەماس 50 بارمتە ئازاد بکات و ئیسڕائیلیش لە بەرامبەردا 150 زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد بکات.
تاوەکو ئێستا حەماس 26 ئیسڕائیلی و چوار تایلەندی ئازاد کردووە، ئیسڕائیلیش 78 فەلەستینی ئازاد کردووە.
میسڕ کە نێوەندگری دەکات لە ڕێککەوتنەکەدا وتی لیستی 13 ئیسڕائیلی و 39 فەلەستینی بە دەست گەیشتووە کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە لە سێیەمین خولی ئازادکردنی زیندانی و بارمتەکاندا ئازاد بکرێن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
کۆشکی سپی دەڵێت باوەڕی وایە بارمتەیەکی ئەمەریکایی ڕۆژی یەکشەممە لە غەززە ئازاد دەکرێت
