Accessibility links

کۆمەڵێک سەربازی ئەفغانی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکاوە لە ئەفغانستان کوژران


بەرپرسانی ئەفغانی وتیان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکاوە لە هەرێمی ئارزکان لە باشووری ئەفغانستان بەلایەنی کەمەوە پێنج سەرباز کوژراون و 10 سەربازی دیکە برینداربوون.

وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هەندێک لەو سەربازانەی کوژراون پاسەوانی خاڵێکی پشکنین بوون.

بەرپرسانی وەزارەتەکە وتیان " ئەم هێرشە بەهۆی نەبوونی هەماهەنگییەکی گونجاوەوە ڕوویداوە."

هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کابوڵ وتی ئەمەریکا بە ووردی وەکو بەرگری لە خۆکردنێک هێرشی ئاسمانی دژ بە هەندێک کەس ئەنجامداوە کە تەقەیان لە هێزەکانی ئەفغانستان و ئەمەریکا کردووە لە نزیک خاڵێکی پشکنینی سەر بە سوپای ئەفغانی.

هاوپەیمانێتیەکە کوژران و برینداربوونی سەربازانی ئەفغانی پشتڕاست نەکردەوە و لە هەمان کاتیشدا ڕەتی نەکردەوە.

وتەبێژی هاوپەیمانێتیەکە وتی " دوای ئەوەی هێزەکانی ئەفغانستان و ئەمەریکا ڕووبەڕووی تەقە بوونەتەوە و داوای پشتیوانی ئاسمانیان کردووە، ئەو هێرشانە ئەنجام دراون وەکو بەرگریی لە خۆکردن."

وتیشی ڕووداوەکە لە شوێنێکدا ڕوویداوە کە بینین تیایدا کەمبووە.

جێی ئاماژەیە نزیکەی 17 هەزار سەربازیی بیانی لە ئەفغانستاندا بوونیان هەیە لە ئەركێکی هاوپەیمانێتی ناتۆدا بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ پێدانی مەشق و یارمەتی و ڕاوێژ بە هێزەکانی ئەفغانستان. هەندێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە پاڵ هێزەکانی ئەفغانستاندا ئەرکی دژ بە تیرۆر ئەنجام دەدەن و دژ بە تاڵیبان دەجەنگن.

ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی ئارزکان وتی هێرشە ئاسمانییەکان بوونەتە هۆی کوژرانی حەوت سەربازی سوپای ئەفغانستان و برینداربوونی 10 سەربازی دیکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG