Accessibility links

هێزەکانی ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی دژی چەکدارانی تاڵیبان ئەنجام دەدەن


وتەبێژی هێزەکانی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا هێرشێکی ئاسمانی دژی چەکدارانی تاڵیبان ئەنجامداوە لە هەرێمی هێڵمەند لە باشووری ئەفغانستان، ئەمەش یەکەمین هێرشی ئەمەریکایە بۆ سەر چەکدارانی تاڵیبان لە دوای ڕێکەوتنەکەی نێوانیانەوە کە لە دەوحە واژۆیان کرد.

وتەبێژی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کۆلۆنێڵ سۆنی لیجێت وتی " چەکدارانی تاڵیبان هێرشیان دەکردە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەفغانستان، ئەم هێرشەی ئەمەریکا بەرگریکردن بووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە."

وتیشی واشنتن پابەندە بە ئاشتییەوە و داوای لە تاڵیبان کرد " ئیدی ئەو هێرشانە ڕابگرێت کە هیچ پێویست نین، وە پابەند بێت بە بەڵێنەکانیەوە." ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو ڕێکەوتنەی نێوانیان کە لەدەوحەی پایتەختی قەتەڕ واژۆیان کرد سەبارەت بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان.

کاربەدەستانی ئەفغانستان دەڵێن شەوی ڕابردوو چەکدارانی تاڵیبان کۆمەڵێک هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی حکومەت و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 20 سەرباو و پـۆلیسی ئەفغانی کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG