باڵیۆزانی ئەفریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە بە مەبەستی وتووێژکردن لەسەر دوایین وتەکانی سەرۆک دانۆڵد ترامپ سەبارەت بە وڵاتانی ئەفریکا.
باڵیۆزی گینیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی دەستەی 54 وڵاتی ئەفریکا وتی نیکی هەیلی " بەداخ بوونی" خۆی ڕاگەیاندووە بۆ ئەو لێدوانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە حەفتەی ڕابردوو گرووپی وڵاتانی ئەفریقی لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتبوویان قسەکانی ترامپ" قیزەون و نەژادپەرەستانەن."
هەندێک لەو دیپلوماتانە کە بەشدارییان کردبوو لە دانیشتنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان وتیان پـێشنیاریان بۆ خانم هەیلی کردووە سەرۆک ترامپ نامەیەک ئاڕاستەی لوتکەی ڕێبەرانی ئەفریکا بکات کە لە 28 و 29 ئەم مانگە لە ئەدیس ئەبابا بەڕێوەدەچێت.
بە پێی ڕاپـۆرتەکان لە دانیشتنەکەی حەفتەی ڕابردووی کۆشکی سپی لە نێوان ترامپ و هەندێک سیاسەتوان لە سەر کۆچبەران، ترامپ باسی لەوە کردووە کە دەبێت گۆڕانکاری بکرێت لە بەرنامەی کۆچبەران و لە جێگای وەرگرتنی کۆچبەر لە ئەفریکا و وڵاتانی وەک هایتی، سلڤادۆر دەبێت کۆچبەر لە وڵاتێکی وەک نەرویژ وەربگیرێن.
ترامپ و هەندێک لەو سیاسەتوانانە کە لە دانیشتنەکە بوون ڕەتیان کردەوە کە ترامپ لێدوانێکی وەهای دابێت.
هاوکات 78 باڵوێزی پێشوی ئەمەریکا بۆ وڵاتانی ئەفریقی لە نامەیەکدا بۆ کۆشکی سپی "خەمی قوڵی " خۆیان ڕاگەیاند سەبارەت بە لێدوانەکەی سەرۆک سەبارەت بە وڵاتانی ئەفریکا.