Accessibility links

باڵیۆزێکی ئەمەریکا فشارەکانی سەر سەرۆک وەزیری هەنگاریا بۆ پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ زیاتر دەکات


سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئوربان
سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئوربان

باڵیۆزی ئەمەریکا و باڵیۆزەکانی دیکەی وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ بە پۆڵەندا و دانیمارک و سلۆڤاکیاشەوە ڕۆژی دووشەممە ئامادەی دانیشتنێکی پەرلەمانی هەنگاریا بوون، ئەمەش لە دەرخستنێکی کتوپڕی فشارەکاندا بۆ سەر بوداپێست تاوەکو ئەندامێتی سوید لە هاوپەیمانێتییەکەدا پەسەند بکات.

دانیشتنە سەرسوڕهێنەرەکەی پەرلەمانی هەنگاریا لەسەر داوای ئۆپۆزسیۆن بوو تاوەکو دەنگ بدەن لەسەر پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا، بەڵام یاسادانەرانی پارتی فیدێزی فەرمانڕەوا بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد، ئەوەش وایکرد پڕۆسەی پەسەندکردنەکە ئەنجام نەدرێت و دوابخرێت.

یاسادانەرانی پارتی فیدێز دەڵێن دەیانەوێت پێش ئەوەی داواکەی سوید پەسەند بکەن سەرۆک وەزیری سوید ئوڵف کریستەرسن سەردانی بوداپێست بکات.

هەنگاریا تاکە وڵاتی هاوپەیمانێتی ناتۆیە کە تاوەکو ئێستا داواکەی سویدی بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانێتییەکەدا پەسەند نەکردووە، پڕۆسەکە پێویستی بەوەیە سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە پەسەندی بکەن، ئەمەش پەیوەندییەکانی هەنگاریای لەگەڵ ئەمەریکادا گرژ کردووە و نیگەرانی لە نێو هاوپەیمانەکاندا دروست کردووە.

باڵیۆزی ئەمەریکا دەیڤد پرێسمان دوای جێهێشتنی پەرلەمان وتی پەیوەندیکردنی سوید بە ناتۆوە پرسێکە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی هەیە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا بە تایبەتی و ئاسایشی هاوپەیمانێتییەکە بە گشتی.

پرێسمان وتی " سەرۆک وەزیر بەڵێنیداوە پەرلەمان ڕازی بکات، بەڵێنیداوە داوا لە پەرلەمان بکات لە زووترین دەرفەتدا پڕۆسەکە پەسەند بکات، ئەمڕۆ دەرفەتێک هەبوو بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە."

وتی " لە نزیکەوە چاودێری ئەمە دەکەین، هیوادارین هەنگاریا بە خێرایی کار بکات."

لە مانگی پێنجی ساڵی 2022 دا سوید لە گۆڕانکارییەکی مێژوویی سیاسەتی ئاسایشیشدا دەستبەرداری بێلایەنییە سەربازییەکەی بوو و بە فەڕمی داوای ئەندامێتی کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئوربان کە پەیوەندییەکی باشتری لەگەڵ ڕووسیادا هەیە وەک لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و زۆرێک لە وڵاتانی ناتۆش، دەڵێت حکومەتەکەی پشتیوانی لە ئەندامێتی سوید دەکات لە ناتۆدا، بەڵام پڕۆژە یاسا پەیوەندیدارەکە لە ناوەڕاستی ساڵی 2022 ەوە لە پەرلەمانی هەنگاریادا چەقی بەستووە.

گروپی پەرلەمانتارانی پارتی فیدێز وتییان داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی ناتۆ لە دانیشتنی دواتری ئاسایی پەرلەماندا پەسەند دەکرێت. بڕیارە پەرلەمان لە کۆتایی مانگی دوودا دوای پشووی وەرزی زستان دەست بە کارەکانی بکاتەوە.

پارتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەگەر ئەمە پرسێکی گرنگ بێت بۆ سویدییەکان، ئەوا ئاشکرایە دەبێت سەرۆک وەزیری سوید بێت بۆ بوداپێست."

وەزیری دەرەوەی هەنگاریا درەنگانێکی ڕۆژی هەینی وتی " دادپەروەرانە " دەبێت ئەگەر سەرۆک وەزیری سوید پێش پڕۆسەی پەسەندکردنی داواکەی سوید لەلایەن هەنگاریاوە، سەردانی بوداپێست بکات، وەکو چۆن پێشتر سەردانی تورکیای کرد پێش ئەوەی تورکیا داواکەی پەسەند بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG