Accessibility links

بەرپرسانی ئەمەریکا و تورکیا تاوتوێی پرسی ئۆکرانیا و ناتۆ دەکەن


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان لە ئستەنبوڵ لەگەڵ ئیبراهیم کالینی ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا کۆبۆتەوە و تاوتوێی " بەرەوپێشچوونەکانیان کردووە لە پرۆسەی ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆ."

سۆلیڤان و کالین لە کۆبوونەوە ڕانەگەیەندراوەکەیاندا باسیان لە سەرکۆنەی تورکیا کردووە بۆ لکاندنی ناوچەکانی ئۆکرانیا بە ڕووسیاوە.

تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ماوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیاشدا بپارێزێت، هاوکات دژایەتی سزاکانی ڕۆژئاوا دەکات بۆ سەر ڕووسیا و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤیشدا هەیە. هەروەها ڕەخنەشی لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا گرتووە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە ئۆکرانیا فرۆشتووە.

بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سوید و فینلەندا بە فەرمی داوای ئەندامێتییان کردووە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام تورکیای ئەندام لە ناتۆ نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە کاندیدبوونی ئەو دوو وڵاتە بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا.

لە مانگی شەشدا تورکیا و سوید و فینلەندا لە میانەی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لە مەدرید ڕێکەوتنێکیان واژوکرد، بەپێی ڕێکەوتنەکە تورکیا دەستبەرداری دژایەتییەکانی دەبێت بەرامبەر بە ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆدا، لە بەرامبەریشدا سوید و فینلەندا ڕێکەوتن لەسەر گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نیگەرانییەکانی تورکیادا.

لە بەیاننامەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە دەڵێت لە میانەی کۆبوونەوەکەدا سۆلیڤان و کالین باسیان لە " پشتیوانی خۆیان بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان کردووە، هەروەها باسیان لە گرنگی گفتوگۆ و دیپلۆماسی کردووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەنددا، هەروەها باسیان لە سەرکۆنەکردنی هەوڵە نایاساییەکانی ڕووسیا کردووە بۆ لکاندنی خاکی ئۆکرانیا بە ڕووسیاوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG