وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند نوێنەری وڵاتەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان کێڵی کرافت سەردانەکەی بۆ تایوان هەڵوەشاندۆتەوە کە وابڕیاربوو لە ڕۆژی چوارشەممەوە تاوەکو ڕۆژی هەینی سەردانی ئەو وڵاتە بکات، ئەوەش بەهۆی جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتەکەوە بۆ قەدەغەکردنی گەشت بۆ دەرەوەی وڵات.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ لە ماوەی ڕابردوودا دوایین سەردانی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن بەبێ هیچ کۆسپێک بەڕێوەبچێت.
بەپێی بەرپرسێکی ئەمەریکا، بڕیاری قەدەغەکردنی گەشت سەرجەم کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەگرێتەوە، لەوانەش نوێنەری وڵاتەکە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کێڵی کرافت کە بەنیازبوو بەرەو تایوان بەڕێبکەوێت و چینیش لەو کاتەدا بەڵێنیدا ئەگەر ئەو سەردانە ئەنجام بدرێت ئەوا ئەمەریکا " باجێکی گەورە " دەدات.
سەرچاوە/ فرانس پرێس