Accessibility links

فەڵەستینیەکان پێشوازی لە نیازی ئەمەریکا دەکەن بۆ دووبارە کردنەوەی ئۆفیسی ڕێکخراوی تەحریر


سەرکردایەتی فەڵەستین پێشوازی لە سووربوونی بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکەی ئەمەریکای کرد بۆ دووبارە کردنەوەی ئۆفیسی ڕێکخراوی تەحریری فەڵەستینی لە واشنتن کە پێشتر بە بڕیاری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا داخرابوو.

هەڵسوڕێنەری کاروباری نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕیچارد مێڵز ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا وتی " بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک بایدن بەنیازە دووبارە پڕۆگرامی یارمەتییەکان بۆ فەڵەستینیەکان دەستپێبکاتەوە و ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ دووبارە کردنەوەی دامەزراوە دیبلۆماتییەکان کە بەڕێوبەرایەتیەکەی پێشووی دایخستبوون."

سکرتێری لیژنەی ناوەندی بزوتنەوەی فەتح جبریل ڕەجوب بە فرانس پرێسی وت " دووبارە کردنەوەی کونسوڵخانەی قودسی ڕۆژهەڵات و ئۆفیسی ڕێکخراوی تەحریری فەڵەستین لە واشنتن و پابەندبوون بە چارەسەری دوو دەوڵەت هەمووی دەستپێشخەریی ئەرێنین و پێشوازییان لێدەکەین."

ڕێکخراوی تەحریری فەڵەستین بە ڕابەرایەتی سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە و نوێنەری فەڵەستینییەکانە لە خاکی فەڵەستین.

بەڕێوبەرایەتیەکەی پێشووی ئەمەریکا بەرپرسیارێتیە داراییەکانی بەرامبەر ڕێکخراوی کاروباری پەنابەرانی فەڵەستینی ( ئۆنروا ) ڕاگرت و ئۆفیسی نوێنەرایەتی فەڵەستینی لە واشنتن و کونسوڵخانەکەی لە ئۆرشەلیم داخست کە وەکو باڵیۆزخانەیەک لەگەڵ فەڵەستینیەکاندا کاریدەکرد.

ڕەجوب وتی " هیوادارین بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکەی ئەمەریکا کارتی سوور بۆ ڕێوشوێنە تاکلایەنەکانی ئیسڕائیل دەربکات کە هەموو هەوڵەکان بۆ دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری فەڵەستین لەناودەبات."

جێی ئاماژەیە زیاتر لە 475 هەزار ئیسڕائیلی لە نیشتەجێیەکانی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا دەژین کە 2,8 ملیۆن فەڵەستینی تێدا دەژی، زیاتر لە 200 هەزاری دیکەش لە نیشتەجێیەکانی ئۆرشەلیمی ڕۆژئاوا دەژین.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG