بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیام بێرنس سەردانێکی دەگمەنی بۆ مۆسکۆ کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ڕوسیادا بەمەبەستی تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا کۆبۆوە، ئەمەش نوێترین کۆبوونەوە ئاست بەرزەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە و ئاماژەیەکە لەسەر ئەوەی دوو وڵاتەکە دەیانەوێت بەردەوام بن لە گفتوگۆکردن سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوانیان.
وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ وتی لەسەر داوای سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، بێرنس ڕابەرایەتی شاندێکی باڵای بەرپرسانی ئەمەریکای کردووە بۆ مۆسکۆ، سەردانەکەش لە ڕۆژی سێشەممەوە دەستیپێکردووە و ڕۆژی چوارشەممە کۆتایی پێدێت.
وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا وتی " لەگەڵ ئەندامانی حکومەتی ڕوسیادا کۆدەبنەوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک بابەت لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا."
ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا وتی بێرنس کە زمانی ڕوسی دەزانێت و پێشتر باڵیۆزی ئەمەریکا بووە لە مۆسکۆ، لەگەڵ سکرتێری ئەنجومەنەکە نیکۆلای پاتروشیڤ و بەڕێوبەری پێشووی دەزگای هەواڵگری ڕوسی ئێف ئێس بیدا کۆبۆتەوە.
هیچ کام لە واشنتن و مۆسکۆ باسیان لە وردەکاری گفتوگۆکان نەکردووە.
دوابەدوای جەنگی سارد پەیوەندییەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمەریکا بەهۆی کۆمەڵێک بابەتەوە گرژییان تێکەوتووە، لەوانەش هێرشە ئەلیکترۆنیەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئامانجە ئەمەریکیەکان و پشتیوانی ڕوسیا بۆ حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و زیندانیکردنی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسی ئالێکسی ناڤاڵنی و ڕەفتارەکانی ڕوسیا بەرامبەر ئۆکرانیا، کە لە ساڵی 2014 دا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای داگیرکرد.
مانگی ڕابردوو بایدن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڤیکتۆریا نۆلاندی ڕەوانەی ڕوسیا کرد، سەردانەکەی نۆلاند هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا، بەتایبەتی کێشەکانی نێوانیان سەبارەت بە قەبارەی باڵیۆزخانەکانیان.
لە مانگی شەشدا بایدن لە جنێف لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتندا کۆبۆوە، لەو کاتەدا بایدن وتی شەش مانگ یاخود ساڵێکی دەوێت تاوەکو بزاندرێت کە ئایا دوو وڵاتەکە دەتوانن گفتوگۆیەکی ماناداری ستراتیژی بهێننە کایەوە یاخود نا.
لەلای خۆیەوە پوتن بەردەوام ڕەخنە لە ئەمەریکا دەگرێت، بەڵام مانگی ڕابردوو وتی پەیوەندییەکی بونیادنەرانەی لەگەڵ بایدندا دروستکردووە. کرێملنیش دەڵێت کۆبوونەوەیەکی دیکەی نێوان دوو سەرۆکەکە لەم ساڵدا ئەگەرێکی واقعییە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز