Accessibility links

یەکەم پەیوەندی نێوان سەرۆک بایدن و بەرپرسێکی بیانی لەگەڵ سەرۆک وەزیری کەنەدا دەبێت


وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی
وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی ڕۆژی هەینی سەرۆک جۆو بایدن پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆدا ئەنجام دەدات، ئاماژەشی بەوەدا ئەم پەیوەندییە یەکەمین پەیوەندی 46 هەمین سەرۆکی ئەمەریکا دەبێت لەگەڵ بەرپرسێکی بیانیدا.

ساکی لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ڕۆژی هەینی یەکەمین پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆدا دەبێت." ئاماژەی بەوەدا دوو سەرۆکەکە " بێگومان باس لە پەیوەندییە گرنگەکانی نێوان کەنەدا و ئەمەریکا دەکەن." هەروەها تاوتوێی بڕیارەکەی بایدن دەکەن بۆ ڕاگرتنی دروستکردنی هێڵی بۆری نەوتی " کیستن ئێکس ئێڵ " ی نێوان دوو وڵاتەکە.

" کیستن ئێکس ئێل " پڕۆژەیەکە مشتومڕێکی زۆری لەسەرە و کۆمپانیای " تی سی ئینێرجی " کەنەدی گرتوویەتیە دەست و نزیکەی 8 ملیار دۆلاری ئەمەریکی خەرجییەکەیەتی، ئامانج لەم پڕۆژەیە ڕۆژانە گواستنەوەی زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل نەوتە، هێڵەکەش نزیکەی 2000 کیلۆمەتر دەبێت، لە کێڵگەکانی نەوتی ناوچەی ئالبێرتای کەنەدییەوە بۆ پاڵاوگەکانی ئەمەریکا لە کەنداوی مەکسیک.

پڕۆژەکە لە ساڵی 2008 دا دەستیپێکرد، بەڵام سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا باراک ئۆباما پڕۆژەکەی ڕاگرت، بەڵام دواتر سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دووبارە ڕێگەیدا پڕۆژەکە دەستپێبکاتەوە، چالاکەوانانی پاراستنی ژینگە بەهۆی کاریگەرییە خراپەکانیەوە لەسەر ژینگە ڕەخنەی توند لە پڕۆژەکە دەگرن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG