Accessibility links

ئوستراڵیا بۆ ئەمەریکا: هیچ نیازمان نیـیە زیان بگەیەنین بە پەیوەندیـیە گرنگەکانمان لەگەڵ چیندا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ و وەزیری دەرەوەی ئوستڕاڵیا ماریس پاین

ئەمەریکا و ئوستڕاڵیای هاوپەیمانی نزیکی کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرزیان ئەنجامدا و تاوتوێی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چیندا کرد.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ و وەزیری بەرگری ئەمەریکا مارک ئێسپەر لەگەڵ هاوتا ئوستراڵیەکانیاندا لە واشنتن کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان دوو ڕۆژی خایاند. پەمپێیۆ پێشوازی لە هەوڵەکانی ئوستراڵیا کرد بۆ دژایەتیکردنی فشارەکانی چین و وتی واشنتن و کانبێرا بەردەوام دەبن لە کارکردن پێکەوە بۆ دووبارە بەرز ڕاگرتنەوەی حوکمی یاسا لە دەریای باشووری چیندا.

وەزیری دەرەوەی ئوستڕاڵیا ماریس پاین وتی ئەمەریکا و ئوستراڵیا پابەندی حوکمی یاسا بوون و هەروەها هەر وڵاتێک یاساکانی پێشێلکردبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کردوون، لەوانەش کپکردنی ئازادییەکانی هۆنگ کۆنگ لەلایەن چینەوە.

وتیشی هەردوولا ڕێکەوتوون لەسەر پێکهێنانی گروپێکی کار بۆ چاودێریکردن و وەڵامدانەوەی زانیارییە چەواشەکارییەکان ، هەروەها تاوتوێی ئەو ڕێگایانە دەکەن کە دەتوانن لەڕێیانەوە هاریکاری زیاتری یەکتر بن لە نەخۆشیە گوازراوەکاندا.

لە هەمان کاتیشدا ماریس پاین ئەوەشی خستەڕوو وڵاتەکەی لە هەموو شتەکاندا لەگەڵ چین یاخود ئەمەریکادا هاوڕا نەبووە.

وتی " پەیوەندییەکانمان لەگەڵ چین زۆر گرنگن. بۆیە هیچ نیازێکمان نیە بریندارییان بکەین. بەڵام هیچ نیازێکیشمان نیە شتێک بکەین دژی بەرژوەندییەکانمان بێت."

پاین ئاماژەی بە ناکۆکییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا نەدا لەسەر چین، بەڵام وتی ئوستڕاڵیا بەپێی بەرژەوەندییە ئاسایشی و نیشتیمانییەکانی بڕیاری خۆیداوە.

وتی " بە هەمان شێوەش مامەڵە لەگەڵ چیندا دەکەین. ڕێکەوتنێکی ئابووری بەهێز لەنێوانماندا هەیە، سوودی بۆ بەرژەوەندی هەردوولامان هەیە."

هەفتەی ڕابردوو پەمپێیۆ وتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێت " ڕێگەی کاریگەرتر بەکاربهێنن " تاوەکو چین ناچار بکەن شێوازی مامەڵەکردنەکەی بگۆڕێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG