Accessibility links

کوژرانی 8 کەس لە تەقەکردنێکدا لە سەنتەرەکانی شێلانی ئاسیایی لە ئەتڵانتا


لە تەقەکردنێکدا لە سەنتەرەکانی شێلان لە ئەتڵانتای ویلایەتی جۆرجیای ئەمەریکا 8 کەس کوژران، لەنێویشیاندا 6 ئافرەتی ئاسیاییان تێدابووە، پۆلیسیش ئاماژەی بەوەدا گومانلێکراوەکە دەستگیرکراوە.

هێشتا ڕوون نیە ئەم هێرشانە پاڵنەری ڕەگەزپەرستیان لەپشتەوەیە یاخود نا.

وتەبێژی پۆلیسی ناوخۆی ئەتڵانتا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت دوای سەیرکردنی کامێرا چاودێرییەکان " پێدەچێت " هەمان تاوانبار دەستی هەبووبێت لە هەر سێ هێرشەکەدا.

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیش بەشداری لە لێکۆڵینەوەکاندا کردووە.

ڕۆژنامەی ئەتڵانتان جێرناڵ کۆنستیتوشن لە زاری وتەبێژی پۆلیسەوە بڵاویکردەوە ڕۆژی سێشەممە کاتژمێر 17:00 بە کاتی ناوخۆ یەکەمین تەقەکردن لە سەنتەرێکی شێلان ڕوویداوە کە 50 کم دوورە لە ئەتڵانتاوە و بۆتە هۆی کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی دوو کەسی تر.

پۆلیسی شارەکە وتیشی دواتر دوو ڕووداوی دیکەی تەقەکردن ڕوویانداوە لە دوو سەنتەری دیکەی شێلان لە ئەتڵانتا و چوار کەسی دیکە کوژراون.

گومانلێکراوەکە کە ناوی ڕۆبەرت ئارۆن لۆنگە تەمەنی 21 ساڵە و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG