Accessibility links

پەنتاگۆن: کشانەوەی ئەمەریکا بەوشێوەیەی پلانی بۆ داندراوە بەڕێوەدەچێت


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و جەنەڕاڵ مارک مێڵی
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و جەنەڕاڵ مارک مێڵی

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن وتی پەنتاگۆن پشتیوانی ناردووە بۆ وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان تاوەکو کشانەوەی هێزە بیانییەکان بەباشی جێبەجێ بکرێت.

ئۆستن لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی " تاوەکو ئێستا کشانەوەکە کە کەمتر لە هەفتەیەکە دەستیپێکردووە بەوشێوەیە بەڕێوەدەچێت کە پلانی بۆ داندراوە."

هەروەها لە وەڵامێکدا سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکانی هەرێمی هێڵماندا کە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا وتی ئەوە پێشبینی کراوبوو.

وتی " ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە پێشبینیمان دەکرد، زیادبوونی فشارەکان."

سەبارەت بە پاراستنی پڕۆسەی کشانەوەکە، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمەریکا جەنەڕاڵ مارک مێڵی وتی پەنتاگۆن شەش تۆپهاوێژی قورسی لە جۆر بی-52 و 12 فڕۆکەی شەڕکەری جۆری ئێف-18 ی " بڵاوکردۆتەوە "، ئەوەش بەمەبەستی " پشتیوانی ئەگەر پێویست بکات."

سەرەتای ئەم هەفتەیە شەڕ و پێکدادانێکی قورس لە ناوچەی هێڵماندی باشووری ئەفغانستان ڕوویدا، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی کشانەوەی دوایین 2500 سەربازەکەی ئەمەریکا کە هێشتا لە ئەفغانستاندا ماون، هەروەها زیاتر لە 16 هەزار کارمەندی مەدەنی کە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمەریکادا هەیە.

فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا یارمەتی هێزەکانی ئەفغانستانیاندا لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی تاڵیباندا کە بووە هۆی ئەوەی هەزاران هاوڵاتی ئەفغانی ماڵەکانیان جێبهێڵن و بەرەو ناوچەی عەسکەر جا هەڵهاتن.

لەگەڵ ئەوەشدا چەکدارانی تاڵیبان ناوچەیەکی باکووری وڵاتەکەیان داگیرکرد و کۆنتڕۆڵی دووەم گەورەترین بەنداوییان کرد لە ئەفغانستاندا، ئەوەش دوای چەند مانگێک لە شەڕ و پێکدادانێکی توند لە ویلایەتی قەندەهار لە باشووری وڵاتەکە.

لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی ئەمەریکی لێدوانی دڵنیاییکەرەوەیاندا، لوەید ئۆستن جەختی لەوە کردەوە هێزەکانی ئەفغانستان " هێرشێکی پێچەوانەییان لە عەسکەر جا ئەنجامداوە و بەباشی شەڕیان کردووە." هاوکات جەنەڕاڵ مێڵی وتی " هێشتا زووە باس لە دەرەنجامەکان بکرێت لەسەر چارەنووسی ململانێکان."

ئۆستن وتیشی " هەمیشە وەکو هاوبەشی حکومەتی ئەفغانستان و هێزە ئەفغانییەکان دەمێنینەوە، هیوادارین بە پشتیوانی ئێمە هێزەکانی ئەفغانستان چالاک بن."

دانیشی بەوەدانا " توانای گرنگییان هەیە بەڵام پێمان وایە بەرخۆدان سەخت دەبێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG