Accessibility links

ئەمەریکا لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکاندا 90,000 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆماردەکات


لەکاتێکدا دەنگدەرانی ئەمەریکا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕیزیان بەستووە تاوەکو دەنگی خۆیان بدەن، ڕۆژی سێشەممە ژمارەیەکی پێوانەیی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تەنها یەک ڕۆژدا تۆمارکرا.

سەنتەری توێژینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زانکۆی جۆنس هۆپکینز ئاماژەی بەوەدا لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکاندا 91,530 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە و 1,130 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمارکراوە.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی پڕۆژەی بەشوێنەوەچوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەلایەن the atlantic مەگەزینەوە دامەزراوە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەدات ڕۆژی سێشەممە 50,000 کەسی دیکە ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 20 ویلایەتی ئەمەریکا ژمارەیەکی زۆریان لە حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگەیاندووە کە زۆر زیاترە لەو حاڵەتانەی کە لە هەفتەکەی پێشووتردا تۆمارکراون، لەو ویلایەتانەش میشیگن و ئۆهایۆ و پێنسیلڤانیا، ئەم سێ ویلایەتە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا و تەنها لە ڕۆژی سێشەممەدا ژمارەیەکی پێوانەییان لە توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکردووە.

ئەمەریکا زۆرترین حاڵەتی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە و لە کۆی 47.4 ملیۆن توشبووەکەی جیهان 9.3 ملیۆنیان لە ئەمەریکان، هەروەها 232,627 حاڵەتی گیان لەدەستدانیشی تۆمارکردووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG