Accessibility links

سەرۆک ترامپ بودجەی خەرجییەکانی حکومەت و هاوکاری زیانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەسەند دەکات


لە کاتێکدا خەریک بوو کاروبارەکانی حکومەتی ئەمەریکا بەهۆی پەسەند نەکردنی بودجەوە ڕابوەستێت، سەرۆک دانۆڵد ترامپ شەوی یەکشەممە بودجەی 2.3 ترلیۆن دۆلاری مۆرکرد کە بریتی بوو لە 900 ملیار دۆلار هاوکاری ئەمەریکاییەکان بۆ دەرباز بوون لە سەختییە ئابورییەکانی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە توشی بوون، لەگەڵ 1 ترلیۆن و 400 ملیار دۆلار بۆ خەرجییەکانی حکومەت هەتا مانگی 9 ی داهاتوو.

سەرۆک ئەو یاسایەی بە " شەرمەزاری " ناودێر کرد پاش ئەوەی لە هەفتەی ڕابوردوو نوێنەرانی کۆشکی سپی و سینات پەسەندیان کرد، و کۆتایی بە دانوستاندنی چەند مانگی هێنا کە ترامپ کەمتر بەشدار بوو تیایدا.

دژایەتی کردنەکەی ترامپ بووە مایەی سەرسوڕمان لای زۆر کەس کە هەستیان دەکرد سەرۆک پشتیوانی لەو بودجەیە دەکات و پاش هەفتەیەک لە داواکردنی لەلایەن ڕێبەرانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان ئەوجا واژۆی کرد.

ئەگەر سەرۆک ئەو بودجەیەی واژۆ نەکردباتە بەشێک لە کارەکانی حکومەت لە ڕۆژی سێشەممەوە پەکیان دەکەوت و ڕادەگیران و هاوکارییەکان بۆ بێکارانیش لە ڕۆژی یەکشەممەوە ڕادەگیرا.

نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران شەوی یەکشەممە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند"واژۆکردنی هاوکاری ڤایرۆسی کۆرۆنای کە لەلایەن هەردوو پارتی و هەردوو خانەی کۆنگرێس پەسەندکرابوو هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ 14 ملیۆن ئەمەریکایی کە لە پشووی کرسمسدا هاوکارییەکانی بێکارییان لەدەست دەدا و بۆ ملیۆنان ئەمەریکایی کە دووچاری سەختییەکی زۆر بوون بەهۆی پەتایەکی مێژووی و قەیرانی ئابورییەوە."

ڕێبەری زۆرینەی سینات مچ میکانەڵ ستایشی ترامپی کرد بۆ ڕێگەگرتن لە پەکخستنی کارەکانی حکومەت وەک گوتی " لە کاتێکدا کە وڵاتەکەمان بەرگەی پەکخستنێکی تری کارەکانی نەدەگرت."

سەرۆک ترامپ دژی چەند بەشێکی ئەو پاکێجە بوو وەک خۆی ڕایگەیاند دەیویست هەندێک شتی " بێکەڵک" لاببرێت و لەبری ئەوە، ئەو هاوکارییە 600 دۆلارییە ببێت بە 2000 بۆ ئەمەریکاییەکان.

ئەو هەروەها لە چەندین شوێنیشدا دژی بودجەی بەرگری بوو و بەبێ ئەوەی وردەکاری بدات ڕایگەیاند کە لە بەرژەوەندی وڵاتی چیندایە.

XS
SM
MD
LG