Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ئەمەریکا کۆریای باکوور بە وڵاتێکی پشتیوانیکەر لە تیرۆر پۆڵێن دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کۆریای باکووری وەکو وڵاتێکی پشتیوانیکەر لە تیرۆر پۆڵێن کرد کە ئەوەش وا دەکات ئەمەریکا بتوانێت سزای زیاتر بسەپێنێت بەسەر پیۆنگیانگدا بەهۆی بەردەوامبوونیەوە لە پەرەپێدانی بەرنامە ناوەکییەکەی.

سەرۆک ترامپ وتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر کۆریای باکووردا ڕادەگەیەنێت.

ئەمەش دوای هەفتەیەک لە گەڕانەوە سەرۆک ترامپ هات لە گەشتەکەی بۆ وڵاتانی ئاسیا کە تیایدا سەردانی پێنج ولاتی کرد و ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی لەسەر کۆریای باکوور بوو.

سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمڕۆ ئەمەریکا کۆریای باکوور وەکوو وڵاتێکی پشتیوانیکەر لە تیرۆر پۆڵین دەکات. دەبوو ئەوە لەمێژەوە بکرایە، لە چەند ساڵێ ڕابردوودا."

شارەزایان و بەرپرسانی ئەمەریکی لە گفتوگۆی تایبەتدا سەبارەت بە کۆریای باکوور دەڵێن کۆریای باکوور مەرجەکانی وڵاتێکی تێدا نیە کە پشتیوانیکەری تیرۆر بێت کە ئەوەش پێویستی بە بەڵگەیەکە کە ئەم وڵاتە چەند جارێکی کۆمەکی تیرۆری نێودەوڵەتی کردبێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن وتی بڕیاری واشنتن سەبارەت بە پۆڵێنکردنی کۆریای باکوور وەکوو وڵاتێکی پشتیوانیکەر لە تیرۆت وا دەکات لایەنی سێیەم کە یارمەتی کۆریای باکوور دەدات نەتوانێت چیتر یارمەتی و کۆمەکی بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG