Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: ماوەی مانگێکە هیچ هێزێکی حوثییەکان لە سێ بەندەری سەرەکی یەمەن بوونیان نیە


کۆمەڵەی چاودێرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی ڕێکەوتنی ئاشتی نێوان لایەنەکانی جەنگی یەمەن لە شاری حودەیدە وتی هیچ هێزێکی حوثییەکان لە سێ بەندەری سەرەکی حودەیدەدا بوونیان نیە، ئەمەش مانگێک دوای ئەوەی حوثییەکان لەو بەندەرانە کشانەوە.

ئەم کشانەوە تاکلایەنەی حوثییەکان لە بەندەرەکان کە دەرمان و نەوت و بازرگانی و یارمەتییەکانیان پێدا دەڕوات، بە گەورەترین پێشڕەوی دادەنرێت لەچوارچێوەی هەوڵەکاندا بۆ کۆتای هێنان بە جەنگی بەردەوامی چوار ساڵەی یەمەن و کەمکردنەوەی قەیرانی برسێتی لە وڵاتەکەدا.

ڕۆژی چوارشەممە گرژییەکان زیاتر بوونەوە دوای ئەوەی حوثییەکان موشەکێکیان ئاڕاستەی فڕۆکەخانەیەک کرد لە باشووری سعودیە و لە ئەنجامدا 26 کەس برینداربوون، هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە بەڵێنیدا بە توندی وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە.

لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا حکومەتی یەمەن و حوثییەکان لە سوید کۆبوونەوە و لەوێ ڕێکەوتن لەسەر وەستاندنی شەڕ و کشاندنەوەی هێزەکان لە حودەیدە. بەپێی قۆناغی یەکەمی ڕێکەوتنەکە، مانگی ڕابردوو حوثییەکان لە بەندەرەکانی حودەیدە و سەڵیف و ڕاس عیسا کشانەوە.

جەنەڕاڵ مایکڵ لۆلیسگارد کە سەرپەرشتی کۆمەڵەی چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لە بەیاننامەیەکدا وتی گەڕانەکانی کۆمەڵەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە 14ی مانگی پێنجەوە هیچ هێزێکی حوثییەکانیان لە سێ بەندەرەکە نەبینیوە.

لۆلیسگارد وتی کەلوپەلە سەربازییەکانی حوثییەکان لە سەڵیف و ڕاس عیسا بوونیان نیە بەڵام هێشتا بەشێوەیەکی بەرچاو لە حودەیدەدا ماون.هەروەها داوای لە حوثییەکان کرد " بەخێرایی هەموو ئەوانە لاببەن، ئەمەش لەچوارچێوەی پابەندبووبیان بە پڕۆسەکەوە."

هەروەها داوای لە هەردوو لایەنەکەی جەنگی یەمەن کرد وتوێژەکانیان تەواو بکەن و ڕێگە بدەن بەتەواوەتی قۆناغی یەکەم و دووەمی ڕیکەوتنەکەی حودەیدە جێبەجێ بکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG