Accessibility links

لایەنەکانی جەنگی یەمەن ڕێکدەکەون لەسەر دەستپێکردن بە کشانەوەی هێزەکانیان لە بەندەری حودەیدە


نەتەوە یەکگرتووەکان وتی لایەنەکانی جەنگی یەمەن ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردن بە کشانەوەی هێزەکانیان لە بەندەری سەرەکی حودەیدە، ئەمەش بەپێی ئەو ڕێکەوتنەی کە لە دانوستانەکانی ئاشتی یەمەندا لە سوید واژۆیان کرد.

جێی ئاماژەی حوثییەکانی سەر بە ئێران و حکومەتی یەمەن کە سعودیە یارمەتی دەدات لەمیانەی دانوستانەکانی مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا ڕێکەوتن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی هەردوولا لە حودەیدە بەمەبەستی خۆبەدوورگرتن لە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر شارەکە و بەندەرەکە، هەروەها مەبەست لە دانوستانەکان بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگەخۆشکردن بوو لەبەردەم دروستبوونی متمانە لەنێوان هەردوولادا تاوەکو کۆتایی بە جەنگی یەمەن بهێنن کە ماوەی چوارساڵە بەردەوامە و یەمەنی ڕووبەرووی قەیرانی ئابووری و برسێتی کردۆتەوە.

لە بەیاننامەیەکی ئۆفیسی وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە دەڵێت " هەردوولا گەیشتوون بە ڕێکەوتنێک سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ڕێکەوتنەکە کە ئەوەش کشانەوەی هێزەکانە." بەڵام لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە وردەکاریی ئەو ڕێکەوتنە نەکراوە کە هەردوو لایەنی جەنگی یەمەن ڕێکەوتوون لەسەری.

قۆناغی یەکەمی ڕێکەوتنەکە کشانەوەی حوثییەکانە لە هەر سێ بەندەرەکەی حودەیدە و سەڵیف و ڕاس عیسا، لەبەرامبەریشدا هێزەکانی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە دەکشێنەوە کە تیایدا پێش ئاگربەستەکە شەڕ و پێکدادانێکی بەردەوامی توندی تێدابوو.

حوثییەکان کۆنتڕۆڵی شاری حودەیدەیان کردووە کە خاڵی سەرەکیی گەیشتنی زۆربەی یارمەتیی و کەلوپەلە بازرگانییەکانە بۆ یەمەن، هێزەکانی هاوپەیمانێتیش بە ڕابەرایەتی سعودیە لە دەوروبەری شارەکە بڵاوبوونەتەوە.

لە بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە دەڵێت " هەردوولا ڕێکەوتوون لەسەر قۆناغی دووەمی ڕێکەوتنەکەش کە کشانەوەی هەموو هێزەکانە لە پارێزگای حودەیدە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG