Accessibility links

نوێنەری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر کۆچبەران ڕەخنە لە یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا دەگرێت


نوێنەری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمیر زەید بن ڕەعد حسێن وتی توشی سەرسوڕمان بووە لەو سیاسەتە توندانەی ئەمەریکا و بەتایبەتی ئەوروپا دەیگرنە بەر بەرامبەر کۆچبەران.

لە ڕاپۆرتێکی ساڵانەدا بۆ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمیر زەید لۆمەی دیموکراتەکانی کرد لەسەر ئەوەی شکستیان هێناوە لە ڕێزگرتن لە مافە سەرەکیەکاندا.

وتی " لە ئەمەریکا، توشی سەرسوڕمان بووم لە ڕاپۆرتێک لەسەر ئەوەی زۆرێک لەو کۆچبەرانەی کە لە سنووری باشوور ڕێگەیان لێدەگیرێت و منداڵیان تێدایە لە بارودۆخی زۆر خراپدا زیندانی دەکرێن، بۆ نمونە لە بارودۆخێکدا کە پلەی گەرما زۆر نزمە و دەگاتە پلەی بەستن، وە هەندێک لە منداڵە بچووکەکان دوور لە خێزانەکانیان دایان دەنێن."

وتیشی " ئەرکەکانی دەستگیرکردن و ناردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە ماوەیەکی زۆرە لەوێ دەژین و ڕێز لە یاسا دەگرن زۆر زیادی کردووە، کە ئەوەش دەبێتە هۆی لەیەک دابڕانی خێزانەکان و دروستبوونی قورساییەکی زۆر."

سەبارەت بە یەکێتی ئەوروپا، ئەمیر زەید وتی زۆرێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەن ڕەگەزپەرستی و ڕق لێبوونەوەیان هەیە بەرامبەر خەڵکی بیانی، ئەوەش ئێستا دەستی گرتووە بەسەر ئاسۆ سیاسییەکەدا، وەکو چۆن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی ئیتاڵیادا دەرکەوت."

وتیشی " من زۆر نیگەرانم لەوەی ئێستا یەکێتی ئەوروپا زۆر سەنگ دەخاتە سەر ڕێگەگرتن لە گەیشتنی کۆچبەران بۆ ئەوروپا و خێراکردن لە ناردنەوەی زۆرێک لەوانەی کە دەگەنە ئەوێ."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG