نێردەی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد لە یەکەمین ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینیدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت ئەمەریکا لە پاڵ ژن و ژیان و ئازادیدا دەوەستێت.
تۆماس گرینفیڵد لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت " ژیانی مەهسا '"ژینا '" ئەمینی بە شیوەیەکی دڵتەزانە کۆتایی هات، بەڵام بوێرییەکەی هانی بزووتنەوەیەکیدا کە بەرگەی دڕندانە بەردەوامەکانی ڕژێمی ئێرانی گرتووە و درێژەی هەیە.
لە دوای مەرگی ژینا ئەمینییەوە، دەیان هەزاران هاووڵاتی ئاسایی ئێرانی، بە ڕابەرایەتی ژنانی بوێری ئێران، پێکەوە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد، بە یەک پەیامی سادەوە " ژن، ژیان، ئازادی."
لە ماوەی ڕابردوو ئەمەریکا سەپاندنی سزای بەسەر 29 کەس و لایەنی ئێرانیدا ڕاگەیاند کە دەستییان هەبووە لە سەرکوتکردن و توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ زیندانییەکان و سانسۆرکردندا.
لیندا تۆماس گرینفیڵد وتی ئەم سزایانە جەخت لە پشتگیری ئێمە دەکەنەوە بۆ گەلی ئێران و مافە بنچینەییە مرۆییەکانی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادی ڕادەربڕین.
وتیشی سزاکان هەروەها تیشک دەخەنە سەر پابەندبوونمان بە لێپێچینەوە لەو بەرپرسانەی ئێران کە ئەم ئازادییە بنچینەییانە پێشێل دەکەن.
نێردەی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی بۆ نموونە، ڕابەرایەتی هەڵمەتێکی سەرکەوتوومان کرد بۆ لابردنی پەڵەی ئەندامێتی ئێران لە کۆمسیۆنی پێگەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا و پشتگیری دامەزراندنی نوێنەرایەتییەکی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکانمان کرد لەسەر ئێران.
وەکو چۆن دوێنێ نوێنەرایەتی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لەسەر ئێران جەختی لێکردەوە، ئێران هێشتا دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی باوەڕپێکراو ئەنجام بدات لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسدا، هەروەها بە هەمان شێوە لەسەر مەرگی خۆپیشاندەرەکانی دیکەش.
وتیشی "زۆر نیگەرانم سەبارەت بە ڕاپۆرتی نوێنەرایەتی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لەسەر زیادبوونی سەرکوتکارییەکان دژی خۆپیشاندەران و خێزانەکانییان پێش ئەم ساڵیادە و داوا لە ئێران دەکەم بە تەواوەتی هاریکار بێت لەگەڵ لێکۆڵینەوەکەی ئەرکی دۆزینەوە ڕاستییەکاندا و لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکان دژی مەهسا و خۆپیشاندەران بکات."
باڵیۆزەکەی ئەمەریکا جەختیشی لەوە کردەوە، ئەم ساڵ ئەمەریکا لەگەڵ کەنەدا و فەڕەنسا و نەرویج و بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپادا بەشدار دەبێت لە پشتگیریکردن لە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تیشک دەخاتە سەر خراپتربوونی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و داوای دادپەروەری و لێپێچینەوە دەکات.
وتیشی "بە گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێن و کارانە، لە پاڵ ژنان و کچانی ئێراندا دەوەستین و لە پاڵ ئازادیدا دەوەستین. پابەندبوونیشمان بە وەستانمانەوە لەگەڵ ژنان و گەلی ئێراندا جێگیرە و هەرگیز ناگۆڕێت."