Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 1.7 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی هەڵهاتوون بۆ ناوەڕاستی ئەوروپا


ڕێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1.7 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی پەڕیونەتەوە بۆ ناوەڕاستی ئەوروپا، هەروەها هەزاران کەسی دیکە ڕژاونەتە سەر سنوورەکان.

پۆڵەندا کە گەورەترین کۆمەڵگەی ئۆکرانی تێدایە لە ناوەڕاستی ئەوروپا، لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە دژی ئۆکرانیا زیاتر لە 1 ملیۆن پەنابەری ئۆکرانی وەرگرتووە.

دەزگای خزمەتگوزاری سنووریی پۆڵەندا وتی " ئەمە یەک ملیۆن تراجیدیای مرۆییە، یەک ملیۆن کەس بەهۆی جەنگەوە لە ماڵەکانی خۆیان دوورخراونەتەوە."

ڕێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی 1,735,068 هاوڵاتی مەدەنی کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن، چونکە پیاوان لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان، تاوەکو ئێستا لە سنوورەکە پەڕیونەتەوە و هاتوونەتە ناوەڕاستی ئەوروپا.

بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ وتی ئەگەر بۆردومانەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەردەوام بێت ئەوا پێدەچێت زیاتر لە 5 ملیۆن پەنابەری ئۆکرانی ڕوو لە ئەوروپا بکەن.

وڵاتانی ناوەڕاستی ئەوروپا کە یادەوەری ناوخۆشیان هەیە لەگەڵ باڵادەستی ڕووسیادا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، بەردەوام بوون لە دەرخستنی پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکرانیا.

لە شارۆچکەیەکی نزیک خاڵێکی سنووری نێوان پۆڵەندا و ئۆکرانیا، نزیکەی 150 منداڵی ئۆکرانی لە هەتیوخانەکانی هەرێمی کیێڤ لە لڤیڤەوە بە شەمەندەفەر گەیشتنە شارۆچکەکە.

حکومەتی پۆڵەندا پڕۆژە بڕیارێکی پەسەند کرد بۆ دابینکردنی 1.75 ملیار دۆلار بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی ئۆکرانیا.

هاوکات لە ڕۆمانیا لە خاڵی سنووری سیریتی نێوان وڵاتەکە و ئۆکرانیا، خۆبەخشەکان پێشوازییان لە پەنابەرانی ئۆکرانی کرد.

لەلایەکی دیکەوە چیک تاوەکو ئێستا 62.8 ملیۆن دۆلاری بەخشیوە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا، ئەمەش گەورەترین یارمەتییە تاوەکو ئێستا لەو وڵاتەدا کۆکرابێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG