Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: پێویستە پەنابەران باج نەدەن بۆ داواکردنی مافی پەنابەرێتی


کۆمسیۆنی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی داواکردنی مافی پەنابەرێتی مافێکی سەرەکییە و پێویستە ئەوانەی داوای دەکەن باج لەسەر ئەوە نەدەن، وەکو چۆن بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا پێشنیاری کردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ داوای لە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتیەکەی کرد یاساکانی داواکردنی مافی پەنابەرێتی توند بکەنەوە، یەکێک لەو پێشنیارانەش ئەوەیە دەبێت ئەوانەی داوای پەنابەرێتی دەکەن باج بدەن و ڕێگە نەدرێت بەشێوەیەکی نایاسایی بێنە ناو ئەمەریکاوە تاوەکو داواکانیان پەسەند نەکرێت.

وتەبێژی کۆمسیۆنی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان چارلی یاکسلی وتی " پێویستە باجی پارە نەخرێتە سەر ئەو کەسانەی کە داوای ئەو مافە دەکەن."

لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت هیچ زانیارییەکی نوێی لانیە سەبارەت بەوەی سەرۆک ترامپ دەیەوێت چی ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر، بەڵام وتی " داواکردنی مافی پەنابەرێتی یەکێکە لە مافە سەرەکییەکانی مرۆڤ. دەبێت ڕێگە بدرێت بە خەڵک ئەو مافەی هەبێت کاتێک داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن."

کۆمسیۆنەکە پشتیوانی لە پەیماننامەیەک دەکات کە لە ساڵی 1951 دا واژۆ کراوە و ئەمەریکاش پەسەندی کردووە، لە پەیماننامەکەدا دەڵێت ئەو کەسانەی لە ململانێ و شەڕ و پێکدادانەوە هەلدێن مافی پاراستنی نێودەوڵەتیان هەیە و مافی ئەوەیان هەیە شوێنێکی پارێزراو لە وڵاتێکی دیکە وەربگرن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG