Accessibility links

کاروانی یارمەتیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگاتە تیگرای


نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کاروانی یارمەتیەکانی گەیشتوونەتە هەرێمی تیگرای باکووری ئیثیوپیا، ئەمە لەکاتێکدا پێشتر ڕێگە نەدەدرا یارمەتیەکان بگەنە هەرێمەکە بەهۆی ئەوەی سەرۆک وەزیرانی ئیثیوپیا ئابی ئەحمەد لە سەرەتای مانگی یانزەوە هەڵمەتێکی سەربازی دژی حیزبی فەرمانڕەوای هەرێمەکە دەستپێکرد.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستێفان دوجاریک وتی " هاوڕێکانمان لە بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەرکەوتووبوون لە گەیاندنی یارمەتییەکان، 18 بارهەڵگر 570 تەنیان لە خۆراک ڕادەستکردووە."

وتیشی ئەم کاروانە بەرەو هەردوو کامپی عدی حەروش و مای عینی تیگرای بەڕێکەوتوون، ئەو دوو کامپە زۆرینەی ئەوانەی تیایدان پەنابەری ئیریتریان. وتەبێژەکە وتیشی بارەکە ئەوەندە دەبێت کە " بتوانێت بۆ ماوەی یەک مانگ بەشی 35 هەزار پەنابەر بکات و لە ڕۆژانی داهاتوودا دابەش دەکرێت."

وتیشی " کاروانەکانی دیکە بەرەو کامپەکانی دیکە دەڕۆن." بەڵام هیچ وردەکارییەکی تری نەدا.

لەلای خۆشیەوە لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سووریش توانی یەکەمین کاروانی یارمەتی بگەیەنێتە میکیلی پایتەختی تیگرای، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئیثیوپیادا.

دوجاریک وتی " هێشتا هەوڵدەدەین یارمەتیە مرۆییەکان بەبێ کۆسپ بگەیەنین، ئەوەش گرنگە بۆ پەنابەرانی تیگرای و تەنانەت ئەوانەش کە لە ماڵەکانیان ماونەتەوە و بەهۆی کەمی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانەوە پێویستیان بە یارمەتییە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG