Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: کوژرانی زۆرێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی لە سوریادا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا و ئەمەریکاوە


لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوانەکانی جەنگ وتیان هێرشە ئاسمانییەکانی ساڵی ڕابردووی ڕوسیا و هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی لە سوریادا، لە کاتێکدا هێزەکانی حکومەتی سوریا هێرشی کیمیاییان ئەنجامداوە لە غوتەی ڕۆژهەڵاتدا کە لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆندایە.

لێکۆڵەرەوەکان لە نوێترین ڕاپۆرتیاندا سەبارەت بە ڕووداوەکانی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو تاوەکو مانگی یەکی ئەمساڵ باس لەوە دەکەن کە چەکدارانی ڕێکخراوی داعش و گروپە چەکدارەانی دیکە تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە لەوانەش هێرش کردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و بەکارهێنانیان وەکو قەڵغانی مرۆیی.

سەرۆکی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە سوریا پاولۆ پینیرۆ وتی ڕاپۆرتەکە لەکاتێکی زۆر هەستیاری ناکۆکییەکاندا هاتووە لەگەڵ زیادبوونی شەڕ لە ئیدلب و عەفرین و غوتەدا.

بەڵام وتیشی لیژنەکە دادگا نیە و دەسەڵاتی ئەوەی نیە لێکۆڵینەوەکان فراوانتر بکات.

لە ڕاپۆرتەکەی لیژنەی لێکۆڵینەوە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە دەڵێت " هێزەکانی حکومەت بەردەوامن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە غوتەی ڕۆژهەڵات."

هەروەها لێکۆڵەرەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە ڕوسیا و هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا کرد لێکۆڵینەوە لەو هێرشە ئاسمانییانە بکەن کە ساڵی ڕابردوو هەردوولا ئەنجامیانداون لە سوریادا و بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی و ئەمەش بە پێشێلکاریی دادەنرێت لە یاسای نێودەوڵەتیدا.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا هێرشێکیان بۆ سەر بازاڕێک ئەنجامدوە و لە ئەنجامدا 84 کەس گیانیان لەدەستداوە لە شارۆچکەی ئەتاریب لە ڕۆژئاوای حەلەب.

هەروەها دەشڵێت لە ئەنجامی هێرشێکی هێزەکانی هاوپەیماناندا لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوودا لە خوێندنگەیەکی نزیک شاری ڕەققە هێرشەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا 150 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG