Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ سوریا بەردەوام بێت


لە ڕاپۆرتێکی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش کە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی ناردووە دەڵێت " هیچ بەدیلێک " نیە و دەبێت گەیاندنی یارمەتیە مرۆییەکان بۆ سوریا لەڕێی سنوور و بەرەکانی جەنگەوە بەردەوام بێت.

ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئێستا تاوتوێی درێژکردنەوەی ماوەی شێوازی گەیاندنی ئەم یارمەتییانە دەکەن کە سەرەتای ساڵی داهاتوو ماوەکەی بەسەردەچێت.

دیبلۆماتکارێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نیە بەربەست بخاتە بەردەم ئەمە." ئەمەش لەکاتێکدا زۆرێک باس لە هەوڵەکانی ڕوسیا دەکەن بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی بەسەر ڕژێمی سوریادا.

لە ئێستادا چوار خاڵی سنووری بەکاردەهێنرێن بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ سوریا، دووانیان لەڕێی تورکیاوەیە و یەکێکیان لە ئەردەن و ئەوی دیکەیان لە عێراقەوەیە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر کردنەوەی خاڵێکی دیکە دەکرێت لەڕێی تورکیاوە.

لە ڕاپۆرتەکەی گۆتیرێشدا هاتووە " ئەو یارمەتییە مرۆییانەی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیدەن بە سوریا خۆراک بۆ نزیکەی 4.3 ملیۆن هاوڵاتی دابین دەکات، هەروەها یارمەتی تەندروستی پێشکەشی زیاتر لە 1.3 ملیۆن کەس لە سوریا دەکات."

بەپێی ڕاپۆرتەکە هێشتا " 11 ملیۆن کەس " لە سوریا پێویستیان بە یارمەتییە مرۆییەکان هەیە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG