Accessibility links

لایەنە ڕکابەرەکانی سودان لە ژنێڤن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان


نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند شاندی دوو لایەنە ڕکابەرەکەی سودان لە ژنێڤن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ نوێنەرێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بەڵام هێشتا لایەنێکییان ئامادەی کۆبوونەوەکان نەبووە.

لە مانگی چواری ساڵی 2023 ەوە شەڕێک لە سودان لە نێوان سوپای ئاسایی سودان بە سەرکردایەتی عەبدلفەتاح ئەلبورهانی و هێزە نیمچە سەربازییەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرکردایەتی موحەمەد حەمدان داقلۆ هەڵگیرساوە. داقلۆ پێشتر جێگری ئەلبورهانی بووە.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ئالیساندرا ڤیلوچی وتی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش بۆ سودان، ڕامانتی لامامرا، بانگهێشتی شاندەکانی سوپا و هێزە نیمچە سەربازییەکانی پشتیوانی خێرا کردووە بۆ کۆبوونەوە لە جنێڤ، کۆبوونەوەکە سەنگ دەخاتە سەر یارمەتییە مرۆییەکان و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل.

ڤیلوچی وتی سەرەڕای ئەوەی لە ژنێڤن، لایەنێک لە دوو لایەنە ڕکابەرەکە ئامادەی یەکەمین کۆبوونەوە نەبووە کە ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچووە.

لە ماوەی گفتوگۆکاندا لامامرا بە جیا لەگەڵ شاندەکاندا کۆدەبێتەوە، لە ژووری جیاوازدا. بڕیار نیە دوو شاندەکە پێکەوە کۆببنەوە.

ڤیلوچی وتی " شاندە تایبەتەکە دوێنێ گفتوگۆکانی دەستپێکردووە، بێگومان یەکێک لە لایەنەکان ئامادە نەبوون، بەڵام لێرە بوون لە جنێڤ."

وتیشی " ناتوانم وردەکارییەکانتان بدەمێ لەسەر ئەوەی کامییان ئامادە نەبوون. داوا لە هەردوو لایەنەکە دەکەین بەشدار بن لە گفتوگۆکاندا."

وتیشی " ئەمڕۆ گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، بزانین چەندی پێدەچێت."

ڤیلوچی وتی گفتوگۆکان لە ژنێڤ بەڕێوەدەچن، هەندێک لە گفتوگۆکان لە بارەگای پاڵاسی وڵاتانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچن. کاتی تەواوبوونی گفتوگۆکانیش دیار نیە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG