Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی یاخیبوونەکەی مالی دەکات


ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی یاخیبوونەکەی مالی کرد و داوای لە سەربازە یاخیبووەکان کرد بەزووترین کات ئەو بەرپرسانەی حکومەت ئازاد بکەن کە دەستیگیریان کردوون و بەبێ دواکەوتن بگەڕێنەوە سەربازگەکانیان.

دوای ئەوەی لە کودەتایەکی سەربازییدا کۆتایی بە دەسەڵاتی سەرۆکی مالی ئیبراهیم ئەبوبەکر کیتا هێندرا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە 15 وڵات پێکهاتوون ڕەوشی مالییان پێ ڕاگەیەندرا.

لەلای خۆیەوە فەڕەنسا داوای کرد بەزووترین کات ئیبراهیم ئەبوبەکر کیتا و بەرپرسانی حکومەتەکەی ئازاد بکرێن.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان لە بەیاننامەیەکدا وتی " فەڕەنسا ئاگاداری ئەوەیە سەرۆک ئیبراهیم ئەبوبەکر کیتا وازی لە پۆستەکەی هێناوە، داوا دەکەین بەزووترین کات ئازاد بکرێت و بەبێ دواکەوتن دەسەڵاتی مەدەنی بگەڕێتەوە وڵاتەکە."

لەلایەکی دیکەشەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ وتی ئەمەریکا بە توندی سەرکۆنەی یاخیبوونەکەی مالی دەکات و داوا لە هەموو لایەنە سیاسیی و سەربازییەکان دەکات پێکەوە کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەی حوکمی دەستوور لەو وڵاتەدا.

پەمپێیۆ لە بەیاننامەیەکدا وتی " داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندییدارەکانی مالی دەکەین گفتوگۆی ئاشتیانە ئەنجام بدەن و ڕێز لە مافی هاوڵاتیان و ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیانە بگرن و خۆیان بەدووربگرن لە توندوتیژی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG