ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆشش دەکات بۆ دۆزینەوەی دەنگێکی یەکگرتوو لەسەر جەنگەکەی ناو غەززە، لەمدواییانەدا داوایەکی بۆ " وەستاندنی بەردەوامی توندوتیژییەکانی " گۆڕی بۆ ڕەشنووسی بڕیارێک کە تێیدا داوای " ڕاگرتنی " شەڕەکە دەکات.
بەڵام هێشتا ئەندامانی ئەنجومەنەکە کۆشش دەکەن بۆ دۆزینەوەی خاڵێکی هاوبەش، بڕیار بوو ڕۆژی دووشەممە دەنگدانێک لەسەر ئەو ڕەشنووسە بەڕێوەبچێت، بەڵام دواخرا بۆ ڕۆژی سێشەممە. سەرچاوە دیبلۆماتییەکان دەڵێن ڕەنگە جارێکی دیکە دوابخرێتەوە.
لە پڕۆژە بڕیارەکەی پێشووی ئەنجومەنەکەدا داوای " ئاگربەستێکی مرۆیی دەستبەجێ " کرابوو لە کەرتی غەززەدا، بەڵام ئەمەریکا ڤیتۆی دژی بەکارهێنا.
هەفتەی ڕابردوو کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگدانی لەسەر پڕۆژە بڕیارێکی لەو شێوەیەدا، 153 دەنگ لە بەرژەوەندی ئاگربەست دەنگییاندا و 10 دەنگ دژی دەنگیاندا، 23 ئەندامیش ئامادەی دەنگدانەکە نەبوون. بەڵام بڕیارەکانی کۆبوونەوەی گشتی بڕیارێک نین کە وڵاتان ناچار بن پابەند بن پێیانەوە، بەڵام قورسایی خۆیان هەیە.
لەسەر بنەمای بەهێزی ئەو پشتیوانییەی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئاگربەست، وڵاتانی عەرەبی دەنگدانێکی نوێیان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند.
ئیماڕات دەقێکی ئامادە کردووە و داوای " ڕاگرتنی دەستبەجێی توندوتیژییەکان دەکات بۆ ڕێگەدان بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە."
دەقەکە ناڕاستەوخۆترە، داوای " ڕاگرتنی بەپەلەی توندوتیژییەکان دەکات بۆ ڕێگەدان بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە پارێزراویی و بەبێ هیچ بەربەستێک، هەروەها داوای هەنگاوی بەپەلەی کردووە بەرەو ڕاگرتنێکی بەردەوامی توندوتیژییەکان."
لە دەقەکەدا، هاوشێوەی دەقەکانی پێشوو، حەماس ناوی نەهێندراوە، ئەمەش لە ڕابردوودا ئەمەریکای توڕە کردووە.
لە بری ئەوە " سەرکۆنەی سەرجەم پێشێلکارییەکانی یاسا مرۆییەکان دەکات، لەوانەش سەرجەم هێرشە جیاکارییەکان دژی هاووڵاتییانی سڤیل " و داوای " ئازادکردنی دەستبەجێ و بەبێ مەرجی سەرجەم بارمتەکان " دەکات.
لە ڕەشنووسە نوێیەکدا داوا لە سەرجەم لایەنەکانی جەنگەکە کراوە کارئاسانی بکەن لە گەیشتن و دابەشکردنی یارمەتییەکان بە سەرانسەری کەرتی غەززەدا، هەروەها داواش لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش کراوە سیستمێکی چاودێری بۆ ئەو جۆرە یارمەتییانە دابنێت.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە، ئەنجومەنی ئاسایش ڕەخنەی توندی لێگیراوە، تاوەکو ئێستا توانیویەتی تەنها لەسەر یەک دەق ڕێکبکەون، کە تێیدا داوای وەستانێکی چەند ڕۆژەیی مرۆییان کرد بۆ ئەوەی یارمەتییەکان بگەنە ناوچە فەلەستینییەکان.
پێنج دەقی دیکە ڕەت کراونەتەوە، دووانییان بەهۆی ڤیتۆکانی ئەمەریکاوە بووە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس