Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایش سەرکۆنەی تاقیکردنەوە موشەکییەکەی کۆریای باکوور دەکات


ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی تاقیکردنەوە موشەکیەکەی کۆریای باکووری کرد کە موشەکێکی هەڵدا بەسەر ژاپۆندا و داوای لە پیۆنگیانگ کرد واز لە تاقیکردنەوە موشەکیەکانی بهێنێت و هەروەها واز لە چەک و بەرنامە ناوەکییەکانی بهێنێت.

کۆریای باکوور ڕایگەیاند تاقیکردنەوە موشەکییە بالیستیکیە مەودا ناوەندەکە لە جۆری هواسۆنگ-12 بووە و لەدژی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور بووە و یەکەم هەنگاوی سەربازییە لە زەریای هێمندا بۆ گرتنی ناوچەی گوامی ئەمەریکی.

دەزگای هەواڵی کۆریا لە زاری کیم جۆنگ ئونەوە وتی کیم وتوویەتی " مەشقە سەربازییەکەی ئێستا بۆ هاویشتنی موشەکی بالیستیکی وەکو جەنگی ڕاستەقینە وایە و یەکەم هەنگاوە لە ئەرکێکی سەربازیی سوپای گەلی کۆریادا لە زەریای هێمن و پێشەکییەکی جدییە بۆ گرتنی گوام."

سوپای گەلی کۆریا سوپای کۆریای باکوورە.

دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ وتی ئەگەر کۆریای باکوور هەڕەشە لە ئەمەریکا بکات ئەوا ڕووبەڕووی ئاگر و توڕەیی دەبێتەوە، کۆریای باکوور هەڕەشەی ئەوەی کرد کە چوار موشەکی بالیستیکی جۆری هواسۆنگ-12 ئاڕاستەی نزیک دوورگەی گوامی ئەمەریکا دەکات.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەولەتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند زۆر گرنگە کۆریای باکوور ڕێوشوێنی خێرا بگرێتە بەر بۆ کەمکردنەوە گرژییەکان و داوای لە هەموو وڵاتان کرد سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆریای باکوور جێبەجێ بکەن.

سیاسەتمەداران دەڵێن چین و ڕوسیا تەنها وڵاتن کە مافی ڤیتۆیان هەیە لە ئەنجومەنەکەدا و پێیان وایە تەنها هاویشتنی موشەکی مەودا فراوان و بەکارهێنانی چەکی ناوەکیی هۆکارن بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر کۆریای باکووردا.

هەردوو باڵیۆزی چین و ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەدژی سەپاندنی هەر سزایەکی دیکە بوون بەسەر کۆریای باکووردا و دووبارە داوایان کرد سیستمی بەرگری دژە موشەکی ئەمەریکی لە کۆریای باشوور لاببرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG