Accessibility links

گۆتیرێش: ئەنجومەنی ئاسایش یەکگرتوون لەسەر " جێگیریی " ئەفغانستان


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەکگرتوون لەسەر ئەفغانستانێکی جێگیر.

گۆتیرێش لەمیانەی کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێنج وڵاتەکە ئەفغانستانێکی ئارام و جێگیرییان دەوێت کە تیایدا بتوانرێت یارمەتیە مرۆییەکان بەبێ کێشە و جیاکاری دابەش بکرێن."

وتیشی " ئەفغانستانێکیان دەوێت کە تیایدا ڕێز لە مافەکانی ئافرەتان و کچان بگیردرێت، ئەفغانستانێک کە پەناگەی تیرۆر نەبێت، ئەفغانستانێک کە حکومەتێکی کراوەی تێدابێت و نوێنەرایەتی سەرجەم چینە جیاوازەکانی دانیشتوانەکەی بکات."

لێدوانەکانی گۆتیرێش دوابەدوای کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و ڕوسیا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا و چین هات کە ماوەی کاتژمێرێکی خایاند. بەڵام پاش کۆبوونەوەکە هیچ کامێکیان قسەیان بۆ ڕاگەیاندنەکان نەکرد.

بەرلە کۆبوونەوەکە، باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ژانگ جون بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت پێنج وڵاتەکە ڕێکەوتوون لەسەر حکومەتێکی کراوەی ئەفغانستان.

وتی " ئەوان یەکگرتوون لەوەدا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG