Accessibility links

لێکۆڵەرەوەیەکی نێودەوڵەتی داوا لە سعودیە دەکات دادگاییکردنی تۆمەتبارانی دۆسیەی خاشقچی بە ئاشکرا ئەنجام بدرێت


شارەزای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ئەو دانیشتنە نهێنییانەی سعودیە دەیکات لەگەڵ تۆمەتبارەکانی دۆسیەی کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچیدا لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیەکاندا یەک ناگرێتەوە و دەبێت دادگاییکردنەکان کراوە بن لەبەردەم هەمووان و چاودێراندا.

لێکۆڵەر ئانیس کالامار کە ڕابەرایەتی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکات لە تاوانی کوشتنی خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەی سعودیەدا لە ئیستەنبوڵ، داوای لە سعودیە کرد ناوی تۆمەتبارەکان ئاشکرا بکات و شوێنی ئەو 10 کەسەش ئاشکرا بکات کە لە سەرەتاوە دەست بەسەرکران.

لە بەیاننامەیەکدا وتی " حکومەتی سعودیە مەترسیدارانە هەڵەیە ئەگەر پێی وابێت ئەم ڕێوشوێنانە بەم شێوەیەی ئێستایان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕازی دەکات."

لە مانگی یانزەدا دادوەری گشتی سعودیە 11 کەسی تۆمەتبارکرد و پێدەچێت پێنج کەسیان ڕووبەڕووی سزای لە سێدارەدان ببنەوە بە تۆمەتی فەرماندان بە ئەنجامدانی تاوانەکە و جێبەجێکردنی.

دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا سی ئای ئەی و هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لۆمەی شازادەی جێگرەوەی سعودیە محەمەد بن سەلمان دەکەن و دەڵێن ئەو فەرمانەکەی دەرکردووە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە، لەلای خۆشیانەوە بەرپرسانی سعودیە ئەو تۆمەتە ڕەت دەکەنەوە.

کۆمەڵێک سەرچاوەی نزیک دەڵێن سعود قەحتانی کە یەکێک بوو لە گەورە یاریدەدەرەکانی شازادە محەمەد بن سەلمان و دوای کوژرانی خاشقچی لە کارەکەی دوورخرایەوە، لەنێو ئەو 11 کەسەدا نیە کە لە ڕیاز بەنهێنی دادگایی دەکرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG