Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: کوژرانی دەیان کەس لە میانەی پڕۆسەی خۆتۆمارکردنی دەنگدەران لە ئەفغانستان


نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند چەکدارەکان بەلایەنی کەمەوە 86 کەسیان کوشتووە لەکاتێکدا لەسەرەدا بوون بۆ تۆمارکردنی ناوەکانیان تاوەکو مافی ئەوەیان هەبێت دەنگ بدەن لە هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستاندا.

جێی ئاماژەیە حکومەتی ئەفغانستان مانگی ڕابردوو پڕۆسەیەکی دەستپێکرد لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا بۆ پێدانی ناسنامەی تایبەتی بۆ زیاتر لە 14 هاوڵاتی پێگەیشتوو تاوەکو بتوانن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ناوخۆدا بەشداربن. ئەم هێرشانەش بۆ سەر دەنگدەران تیشک دەخاتە سەر ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی حکومەت دەبنەوە بەتایبەتی لە پاراستنی دەنگدەراندا.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەدات چەکداران لەمیانەی ئەو هێرشانەدا کە پەیوەست بوون بە هەڵبژاردنەکانەوە 26 کەسیان ڕفاندووە و 185 کەسی دیکەش برینداربوون.

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان تادامیچی یاماموتۆ وتی " دەبێت ئەو توندوتیژییانەی کە پەیوەستن بە هەڵبژاردنەکانەوە لە ئەفغانستاندا ڕوودەدەن هەمووان بەبیر بهێننەوە کە هەوڵەکان بەرەو ئاشتی لە ئەفغانستان ناکرێت دوابخرێن."

زۆرێک لەو هێرشانەی کە پەیوەست بوون بە هەڵبژاردنەکانەوە لە مانگی ڕابردوودا ڕوویاندا، یەکێک لەو هێرشانە ئەوە بوو کە خۆکوژێک لەنزیک خەڵکانێکی زۆردا کە لەسەرەدا بوون بۆ خۆتۆمارکردن لە کابوڵ خۆی تەقاندەوە و لە ئەنجامدا 60 کەس کوژران.

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی ڕاگەیاند.

لەلای خۆشیەوە تاڵیبان هەڕەشەی ئەوەی کردووە هەڵبژاردنەکان دەکاتە ئامانج.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە چەکدارەکان هەڕەشەی کوشتن و پەنجە بڕینەوەیان لە کارمەندانی هەڵبژاردنەکان کردووە. هەروەها مامۆستایانیش هەڕەشەیان لێکراوە کە خوێندنگەکانیان دەکرێنە ئامانج ئەگەر وەکو بنکەی خۆتۆمارکردنی دەنگدەران بەکاربهێنرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG