Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سوور: نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیل هێشتا نایاسایین


نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور وتیان نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیل کە لەسەر خاکی فەڵەستین دروست کراون هیشتا نایاسایین، ئەمەش ڕەت کردنەوەی هەڵوێستی ئەمەریکایە کە ئێستا پشتیوانی لە نیشتەجێیەکان دەکات.

ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا دەستبەرداری سیاسەتێکی بوو کە ماوەی چل ساڵە پەیڕەوی دەکات و پشتیوانی لەو نیشتەجێیە ئیسڕائیلییانە کرد کە لە جەنگی 1967 دا دروستکران.

وتەبێژی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆبەری کۆلڤیڵ لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هیشتا پەیڕەوی هەڵوێستی جێگیری درێژخایەنی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین لەسەر ئەوەی کە نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیل پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە."

وتیشی " گۆڕانی هەڵوێستی سیاسیی وڵاتێک یاسا نێودەوڵەتییەکە و هەڵوێستی دادگای دادی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش ناگۆڕێت."

دادگای دادی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2004 دا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دامەزراندی نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیلی لە سەر خاکی فەڵەستین بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە قەڵەمدا.

کۆلڤێڵ وتی ڕێکەوتننامەی چوارەمی جنێف لە ساڵی 1949 دا کە ئەمەریکا و ئیسڕائیل واژۆیان کردووە تیایدا هاتووە دەڵێت نابێت هێزی داگیرکەر هاوڵاتییە مەدەنییەکانی بگوازێتەوە بۆ سەر ئەو خاکەی کە داگیری دەکات.

هەروەها وتەبێژی لیژنەی خاچی سوور ئیوان واتسن بە ڕۆیتەرزی وت " لەگەڵ ئەوەشدا، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور جەختی لەوە کردۆتەوە سیاسەتی نیشتەجێیەکان کە ئیسڕائیل پەیڕەوی دەکات لەگەڵ بەندە سەرەکییەکانی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکاندا یەک ناگرێتەوە، یاخود لەگەڵ یاسای داگیرکردن. ڕاگەیەندراوەکەی ئەمدواییەی ئەمەریکا هەڵوێستی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لەسەر بابەتەکە ناگۆڕێت."

هەروەها ڕێکخراوە ناحکومییەکانیش هەڵوێستی نوێی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیان ڕەت کردەوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ ڕایگەیاند.

هەڵسوڕێنەری کاروباری بەڕێوبەری چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئاندریا براسۆ لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم بڕیارە هیچ شتێک ناگۆڕێت، سەرۆک ترامپ ناتوانێت یاسایەکی نێودەوڵەتی بسڕێتەوە کە دەیان ساڵە هەیە و دەڵێت نیشتەجێیەکان وەکو تاوانی جەنگ وان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG