Accessibility links

ڕێکخراوی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ڕەوشی ئیدلب خراپتر بووە


وتەبێژی ڕێکخراوی کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ڕەوشی ئیدلبی سوریا بەرەو " خراپتربوون دەڕوات " لەکاتێکدا لە ناوەڕاستی مانگی دوانزەوە 300 هەزار هاوڵاتی دیکە ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و هەڵهاتووون بەهۆی هێرشەکانی حکومەتی سوریاوە بۆ سەر ئیدلب.

وتەبێژی ڕێکخراوی کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ێنس لێرک وتی " هەموو ڕۆژێک هەواڵی زۆر بێزارکەرمان پێدەگات لەسەر ئەو خێزانانەی کە کەوتوونەتە ناو توندوتیژییەکانەوە و ماڵ و حاڵیان جێدەهێڵن و هەوڵدەدەن بچنە ناو ئەو کامپانەوە کە پڕن لە پەنابەر."

لێرک ئاماژەشی بەوەدا زیاتر لە 3 ملیۆن هاوڵاتی لە ئیدلب گیریانخواردووە و ناتوانن شوێنەکانیان جێبهێڵن بەهۆی زیادبوونی شەڕ و پێکدادانەکانەوە. ئیدلب کۆتا شوێنی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە و کەوتۆتە بەر هێرشی هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پشتیوانی ڕوسیا.

لێرک ئەوەشی خستەڕوو زۆرینەی ئەو خەڵکانەی بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە ئافرەت و منداڵن.

جەختیشی لەوە کردەوە پێویستە و گرنگە هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە ئەو شوێنانە بۆ ئەوەی ئە خەڵکانە لەژیاندا بمێنن، بەتایبەتی لە وەرزی ساردی زستاندا.

لە ماوەی ئەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا هێزەکانی حکومەتی سوریا توانیویانە زیاتر لە 40 گوند و شارۆچکە لە ئیدلب کۆنتڕۆڵ بکەنەوە کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی ملیشیاکانی سەر بە قاعیدەدا بوون

XS
SM
MD
LG