Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: کۆریای باکوور جەنگی ناوێت و جیهانیش نایەوێت ڕژێمەکە بگۆڕێت


بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی کۆریای باکوور نایەوێت جەنگی ناوەکیی هەڵبگیرسێنێت و جیهانیش نایەوێت کیم جۆنگ ئون لەسەر دەسەڵات لاببات.

ئیزۆمی ناکامیتسۆی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری لابردنی چەک وتی هیوایەک هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە گرژییەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ وتی " پێم وانیە کۆریای باکوور بیەوێت جەنگی ناوەکی هەڵبگیرسێنێت."

ناکامیتسۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا سەپاندنی سزا نوێیەکان کۆریای باکوور ناچار دەکات جەنگ هەڵبگیرسێنێت؟ ئەویش لەوەڵامدا وتی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیوەندیدان لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا و هیچ لایەنێک تەنانەت کۆریای باکووریش پێیان وانیە بژاردەی سەربازیی چارەسەر بێت.

وتیشی " ئەم ڕەوشە زۆر خراپە، پێم وایە هەموومان دەرەنجامی چارەسەری سەربازیی دەزانین.. بۆیە هەمیشە دەڵێین ئەوە چارەسەر نیە بۆ هیچ لایەنێک تەنانەت کۆریای باکووریش."

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە دەیەوێت ڕۆڵی نێوەندگیری ببینێت لە بابەتەکەدا. ناکامیتسۆ وتی تا ئێستا هەنگاو نەندراوە بەو ئاڕاستەیە چونکە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە ئەگەر بێتو داوای لێبکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG