Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەوروپا داوا لە ئیسڕائیل دەکەن ڕێگە بە هەڵبژاردنەکان بدات لە ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵات


وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیفان دوجاریک

نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەوروپی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوایان لە ئیسڕائیل کرد ڕێگە بەو فەڵەستینیانە بدات کە لە ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵات دەژین تاوەکو بەشدار بن لە هەڵبژاردنەکانی فەڵەستیندا، ئاماژەیان بەوەدا پێویستە دەنگدانەکان " ئازادانە بێت."

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیفان دوجاریک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژانەدا وتی " زۆر گرنگە فەڵەستینیەکان لە سەرانسەری خاکی فەڵەستیندا بتوانن بەشداری لەو هەڵبژاردنە دیموکراسیە گرنگەدا بکەن."

جەختیشی لەوە کردەوە " زۆر گرنگە ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بتوانن بەشداری بکەن، لە سەرجەم خاکەکانی فەڵەستینیەکاندا."

لە لێدوانێکی هاوبەشدا ئیستۆنیا و فەڕەنسا و ئیرلەندا کە لە ئێستادا ئەندامن لە ئەنجومەنی ئاسایش داوایان کرد فەڵەستینیەکانی ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵات بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی فەڵەستینیەکان بکەن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وتیان " داوا لە بەرپرسانی ئیسڕائیل دەکەین ئاسانکاری بکەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە سەرانسەری خاکەکانی فەڵەستینیەکاندا، بە ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵاتیشەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG