Accessibility links

تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش لە عێراق کۆدەکەنەوە


نادیە موڕاد
نادیە موڕاد

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕەزامەندی دەربڕی بۆ پێکهێنانی تیمێکی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆکردنەوە و هەڵگرتن و پاراستنی بەڵگەکان لەسەر تاوانەکانی ڕێکخراوی داعش لە عێراق.

ئەنجومەنەکە پشتیان بەست بەو پڕۆژە یاسایەی کە بەڕیتانیا دایڕشتووە و چەند مانگێک دانوستاندنی لەسەر کراوە لەگەڵ عێراقدا. بڕیارەکە داوا لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش دەکات تیمێک پێکبهێنێت بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵە ناوخۆییەکان بۆ سزادانی تاوانباران.

وەزیری بەڕیتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئالیستەر بێرت وتی بەڕیتانیا نزیکەی 1.3 ملیۆن دۆلار پێشکەش دەکات بۆ یارمەتیدانی پێکهێنانی تیمەکە.

بێرت بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وت " ناتوانین بە تەواوەتی قەرەبووی ئەو ئازار و ئەشکەنجانە بکەینەوە کە ئەو خەڵکانە چەشتوویانە بەدەستی ڕێکخراوی داعش و ئەوانەشی مردوون ناگەڕێنەوە بەڵام ئەم بڕیارە مانای ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەکگرتووە لەوە کە باوەڕمان وایە هیچ نەبێت دەکرێت سزای تاوانبارەکان بدەین."

هەزاران بیانی لەناو داعشدا شەڕیان کردووە و ئێستا کاتێک کە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان بەڕاستی دادگایی دەکرێن.

لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوودا شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتیان ڕێکخراوی داعش کۆمەڵکوژی دژی یەزیدییەکانی سوریا عێراق ئەنجامداوە بۆ لەناوبردنی ئەم کەمینەییە لەمیانەی کوشتن و سەربڕین و تاوانی تردا.

ماوەیەکی زۆرەپارێزەری مافەکانی مرۆڤ ئەمەل کلوونی و نادیە موڕاد کە کچێکی یەزیدییە و چەکدارانی داعش دووریان خستبۆوە بۆ موسڵ و تاوانیان بەرامبەر ئەنجامدابوو، هەوڵدەدەن عێراق ڕێگە بدات بە لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان تا یارمەتی پێشکەش بکەن.

کلوونی و موڕاد کە ئامادەی دەنگدانەکە بوون وتیان بڕیارەکە نیشانەیەکی باشە بۆ دادوەریی، کلونی وتی " کاتێک کە بینیمان پانزە دەست لە هۆڵەکەدا دەستیان بەرزکردەوە من و نادیە زەردەخەنەیەکی گەرممان کرد."

وتیشی " هەندێک بەڵگە هەبوون ئێستا ونبوون و هەندێک هەلمان لەدەستدا بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە ئێستا ئەم بڕیارەمان هەیە و مانای ئەوەیە کە لەکۆتاییدا دادوەریی دەکرێت ئەنجامبدرێت. "

نادیە موڕادیش وتی زۆر دڵخۆشە بەوە ئەنجومەنەکە ئەم ڕێوشوێنەیان گرتە بەر.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەری مانگی ڕابردوو لە نامەیەکدا بە فەڕمی داوای یارمەتی نێودەوڵەتی کرد لە ئەنجومەنی ئاسایش. ئەنجومەنەکەش دەیتوانی بەبێ ڕەزامەندی عێراق لیژنەکە پێک بهێنێت بەڵام بەڕیتانیا ویستی ڕەزامەندی عێراق بەدەست بهێنێت ئینجا لیژنەکە پێک بهێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG