Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێران هێشتا پابەندە بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە


ڕاپۆرتێکی نهێنی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دەریخست کە ئێران هێشتا پابەندە بەو کۆت و زنجیرە سەرەکییانەوە کە سەپێندراون بەسەر چالاکییە نااوەکییەکانیدا بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کە لە ساڵی 2015 دا لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا واژۆی کرد.

ڕاپۆرتەکە کە دەست ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز کەوتووە دەڵێت کۆماری ئیسلامی لەو بڕەی بۆی دیاریکراوە لە پیتاندنی یۆرانیۆم لاینەداوە و هەروەها لە کۆگاکانیدا بڕی یۆرانیۆمە کەمکراوەکەی زیاد نەکردووە کە بەپێی ڕێکەوتنەکە بۆی دانراوە لەبەرامبەر ئەوەشدا سزا نێودەوڵەتییەکانی لەسەر لابراوە.

ئامانجی ڕێکەوتنەکە ئەوەیە ئەو کاتە زیاد بکات کە ئێران پێویستییەتی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، ڕێکەوتنەکە ڕەخنەیەکی توندی لێگیرا لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە کە داوای لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی و کۆنگرێسی ئەمەریکا کردووە یارمەتی بدەن لە چاککردنی ئەو هەڵانەی کە لە ڕێکەوتنەکەدا هەن و بە هەڵەی مەترسیداریش ناودێری کردوون.

دەزگاکە لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت ئێران لە پەیامێکدا پێی ڕاگەیاندووە کە بەنیازە لەداهاتوودا یەکەی ناوەکیی دەریایی دروست بکات.

دەزگاکە داوای لە ئێران کردووە ڕوونکردنەوە و وردەکاری زیاتر بدات، دەشڵێت بڕیاری دروستکردنی دامەزراوەی نوێ لەپێناو یەکەی ناوەکیی دەریاییدا پێویستی بەوەیە زانیاریمان بداتێ لەسەر یەکەمین دیزاینی یەکەکە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تا ئێستا ئێران وەڵامی داوای دەزگاکەی نەداوەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG