شارەزایەکی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئیماڕات کرد ئەو سێ چالاکەوانەی بەرگریکارن لە مافەکانی مرۆڤ و لە ئیماڕات زیندانی کراون ئازاد بکات، هاوکات وتیشی چالاکەوانەکان مامەڵەیەکی خراپییان لەگەڵدا دەکرێت و هەندێک جار دەگاتە ئاستی ئەشکەنجەدان.
سێ چالاکەوانەکە سزای 10 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە، ئەوانیش پارێزەر محەمەد ڕوکن کە لە ساڵی 2012 دا بەرپرسانی ئیماڕات لە هەڵمەتێکدا دژی ئیسلامییەکان دەستگیرییان کرد، هەروەها چالاکەوانی مافەکانی مرۆڤ ئەحمەد مەنسور کە لە ساڵی 2018 دا بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە حکومەت دەستگیرکرا، ئەوی دیکەیان دیموکراتخواز ناسر بن غەیثە کە لە ساڵی 2015 دا دەستگیرکرا.
ماری لولەری بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری بەرگریکاران لە مافەکانی مرۆڤ وتی " ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن چالاکەوانەکان ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ بوونەتەوە ، لەوانەش زیندانیکردنیان بە تەنها بۆ ماوەیەکی درێژ کە ئەوە پێشێلکردنی پێوەرەکانی مافی مرۆڤە و وەکو ئەشکەنجەدان سەیر دەکرێت."
لولەر وتیشی زیندانیکردنیان بۆ ماوەی 10 ساڵ هەوڵێکە بۆ بێ دەنگ کردنیان و " ترساندن و بەرپەرچدانەوەی ئەوانی دیکە تاوەکو نەچنە ناو ئەم کارە یاساییەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز