Accessibility links

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرێکی تایبەت بە خۆی بۆ ئەفغانستان دیاریدەکات


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش دیبلۆماتکاری فەڕەنسی ژان ئارنۆی وەکو نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ ئەفغانستان و ناوچەکانی دەوروبەری دیاریکرد، ئەمەش پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی ئەفغانستان کە لەم هەفتەیەدا لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.

ئارنۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان و سەرۆکی شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی ئەفغانستان ( یۆناما ) دیبۆرا لیۆنزدا کاردەکات.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیڤان دوجاریک وتی سکرتێری گشتی داوای لە دیبلۆماتکارە فەڕەنسیەکە کردووە " یارمەتی بدات لە گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ململانێکانی ئەفغانستان." پێشتر ئارنۆ وەکو نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان کاریکردووە بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە کۆڵۆمبیا و شارەزایی هەیە لە کاروباری ئەفغانستاندا.

وتیشی " دیاریکردنی ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکانە بە چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ململانێکان."

ڕاگەیاندنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەیەکی کەم پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان دێت لە مۆسکۆ، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەریەک لە وڵاتانی ئەمەریکا و پاکستان و چین.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG