Accessibility links

سەرکردەکانی جیهان لە نێوەندی قەیرانەکانی جیهاندا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبنەوە


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش

لە نێوەندی قەیران و ململانێکاندا لە سەرانسەری جیهان، سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان لەم هەفتەیەدا ئامادەی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبن.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ساڵی ڕابردوو داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد پێکەوە کاربکەن دوای ئەوەی نیگەرانی دەربڕی سەبارەت بە ڕزگاربوونی مرۆڤایەتی لەسەر هەسارەکە، وتی " وەرن بۆ لوتکەی داهاتوو " و پابەندی خۆتان ڕابگەیەنن بە فرەلایەنییەوە و دەستبکەن بە چارەسەرکردنی تەلارسازی کۆنبووی جیهان تاوەکو لە ئاست جیهانەکەدا بێت کە زۆر بە خێرایی دەگۆڕێت.

هەفتەی ڕابردوو گۆتیرێش بە ڕۆژنامەنووسانی وت کۆبوونەوەکە " لە ڕاستییەکی سارد و سەختەوە لە دایک بووە: کێشەکانی جیهان زۆر خێراتر دەجوڵێن لە توانامان بۆ چارەسەرکردنییان." ئاماژەی بە " دووبەرەکییە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووەکانی جیۆسیاسیی " و ململانێکان و گۆڕانی کەش و هەوا و و نایەکسانی و قەرز و تەکنەلۆجیا نوێیەکانی وەکو ژیری دەستکرد کرد کە هیچ پاسەوانێکی نیە.

کۆبوونەوە دوو ڕۆژەییەکە ڕۆژی یەکشەممە دەستیپێکرد، دوو ڕۆژ پێش ئەوەی کۆبوونەوەی ئاست بەرزی سەرکردەکانی جیهان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک دەستپێبکات.

سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ئامنستی نێودەوڵەتی ئاگنێس کالامارد وتی " سەرکردەکان دەبێت لە خۆیان بپرسن کە ئایا ئەمە دەبێتە کۆبوونەوەیەکی دیکە کە تێیدا هەروا باس لە هاریکارییەکی گەورەتر و سازشێکی گەورەتر دەکەن، یاخود بە ڕاستی پابەندبوونی خۆیان بەوەوە ڕادەگەیەنن. ئەگەر ئەم دەرفەتە لە دەست بدەن، ئەوا دەترسم بیر لە دەرەنجامەکان بکەمەوە. داهاتووی هەموومان بە کۆمەڵ لە مەترسیدایە."

کۆبوونەوەکە هەموو ساڵێک لە مانگی نۆدا بەڕێوەدەچێت. بڕیارە زیاتر لە 130 سەرۆک وەزیر لەگەڵ دەیان وەزیریشدا قسە بکەن، پێشبینیش دەکرێت بابەتەکانی وەکو جەنگەکەی ناو غەززە بابەتی سەرەکی ناو وتارەکانیان و کۆبوونەوە تایبەتەکانییان بن، بە تایبەتی جەنگەکانی ناو غەززە و ئۆکرانیا و سودان و زیادبوونی ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ڕیچارد گۆوانی بەڕێوبەری گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت " بۆشاییەکی دیار و ئاشکرا دەبێت لە نێوان لوتکەی داهاتوو و سەنگەکەیدا لەسەر فراوانکردنی هاریکاری نێودەوڵەتی و ئەو ڕاستییەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان شکست دەهێنێت لە غەززە و سودان و ئۆکرانیادا. ئەو سێ جەنگە بابەتی سەرەکی سەرنجەکانی زۆربەی کارەکانی هەفتەکە دەبن."

ساتێکی دیاری دەستپێکی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممە وتارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەبێت کە ڕەنگە دوایین دەرکەوتنی بێت لەسەر سەکۆیەکی جیهانی، سەکۆیەک کە ماوەی دەیان ساڵە قسەی لەسەر کردووە و بۆچوونی خۆی لەسەری دەربڕیوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد لەم هەفتەیەدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لاوزترینەکان لە جیهاندا پشتییان بە ئێمە بەستووە تاوەکو بەرەوپێشچوونێک بکەین، گۆڕانکارییەک بکەین، هیوایەک بهێنین بۆ ئەوان."

وتی بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە جیهانییەکان، سەنگی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەسەر کۆتایی هێنان دەبێت بە " بەڵای جەنگ." وتیشی نزیکەی 2 ملیار کەس لەو ناوچانەدا دەژین کە جەنگییان تێدایە.

لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا و سەرۆکەکەی ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە ناوەندی بابەتەکانی کۆبوونەوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوون. بەڵام ئێستا کاتێک ساڵیادی هێرشە کوشندەکەی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل نزیک دەبێتەوە، بە دڵنیاییەوە تیشکەکان دەچنە سەر جەنگەکەی ناو غەززە و زیادبوونی توندوتیژییەکان و شەڕەکە لەسەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان، کە ئێستا مەترسی دروستکردووە لەسەر پەرەسەندنی بە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئێران پشتیوانی لە حەماس و حزبوڵای لوبنانیش دەکات. سەرۆکی نوێی ئێران مەسعود پزیشکیان دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە وتارێک پێشکەشی سەرکردەکانی جیهان دەکات لە کۆبوونەوەکەدا. بڕیارە سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە وتارێک بدات و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بڕیارە دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە وتارەکەی بدات لە کۆبوونەوەکەدا.

زێلێنسکی دووجار تیشکەکانی دەچێتەسەر، ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرزی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا قسە دەکات، کۆبوونەوەکە لەلایەن ئەمەریکا و فەڕەنسا و ژاپۆن و ماڵتا و کۆریای باشوور و بەڕیتانیاوە داوا کراوە، بەیانی ڕۆژی چوارشەممەش وتارێک لە کۆبوونەوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێشکەش دەکات.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا کییەر ستارمەر و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەم هەفتەیەدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەبن. بەڵام سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی چین شی جینپینگ لە بری خۆیان وەزیرانی دەرەوەیان دەنێرن. ساڵی ڕابردووش پوتن و شی ئامادەی کۆبوونەوە گشتییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبوون.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG