Accessibility links

بەیاننامەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هێرشەکەی تورکیا


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووکان ئەنتۆنیۆ گوتێریش

فەرحان حەقی جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا وتی " سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش زۆر نیگەرانە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەمدواییانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. هەر کردەوەیەکی سەربازیی دەبێت بەتەواوەتی ڕێز لە یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ بگرێت. دەبێت هاوڵاتیانی مەدەنی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بپارێزرێن."

وتیشی " سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باوەڕی وایە کردەوەی سەربازیی چارەسەر نیە بۆ ململانێکانی سوریا، سکرتێری گشتی جەخت لەوە دەکاتەوە تەنها یاسای ژمارە 2254 ی ساڵی 2015 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەتوانێت چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ ململانێکانی سوریا دابین بکات ئەویش لەڕێی پڕۆسەی سیاسییەوە دەبێت. وەکو چۆن دوێنی ئەئجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەسەر کردەوە، هەر چارەسەرێک دەبێت ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا بگرێت."

هەروەها وتی " نەتەوە یەکگرتووەکان شێوازێکی بەدیلی دیکەیان نیە بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و ئەنجامدانی چالاکییەکانی لەسەر سنوور، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی چوونە ناوەوە بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دیمەشقەوە کۆتوبەندی خراوەتەسەر. بۆیە زۆر گرنگە هەموو ئەو ڕێگایانەی لەبەردەستدان بیانپارێزین بۆ گەیشتنی یارمەتیە مرۆییەکان."

ئەم جووڵەیەی تورکیا دوای ئەوە هات هێزەکانی ئەمەریکا لەو ناوچانە کشانەوە و بەمەش ڕێگە خۆشبوو لەبەردەم تورکیادا تاوەکو ‌هێرش بکاتە سەر ئەو هێزە کوردانەی کە ماوەیەکی زۆرە هاوپەیمانی ئەمەریکان و شان بە شانی یەکتر دژی داعش شەڕیان کردووە.

فەرحان حەق وتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن و هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزن.

XS
SM
MD
LG