Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدات هەزاران کۆچبەری دەستگیرکراو لە یەمەن ڕزگار بکات


کۆچبەرانی ئیثیوبی لە ناوەندنێکی گرتن لە یەمەن
کۆچبەرانی ئیثیوبی لە ناوەندنێکی گرتن لە یەمەن

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ داوای ڕزگارکردنی سێ هەزار کۆچبەری کرد کە لە یەمەن دەستگیرکراون و زۆربەیان خەڵکی ئیثیوبیان، وتیشی ئەوان هێشتا لە ڕەوشێکی نامرۆییانەدا لە ناوەندەکانی گرتن لە باشووری یەمەن زیندانی کراون.

دوو هەفتە لەمەوبەر ئەم کۆچبەرانە لە شاری عەدەن و پارێزگای لەحەجی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی یەمەندا دەستگیرکران.

وتەبێژی ڕێکخراوەکە جوڵ مێڵمان لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هێشتا نزیکەی سێ هەزار کۆچبەر لە دوو شوێنی کاتی لە هەردوو پارێزگای عەدەن و ئابینی یەمەن زیندانی کراون."

وتیشی 2500 کەسیان لە یاریگایەکی تۆپی پێ لە عەدەن دەستبەسەرکراون.

هەفتەی ڕابردوو ڕێکخراوەکە وتی پاسەوانەکان تەقەیان لە کۆچبەرەکان کردووە لە یاریگاکەدا و دووانیان برینداربوون و یەکێکیان توشی شەلەل بووە. بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەیان پێنەبوو سەبارەت بە ڕووداوەکەی ڕۆژی سێشەممە.

میڵمان وتی " ڕێکخراوەکە هێشتا زۆر نیگەرانە سەبارەت بەو کۆچبەرانە کە لە ڕەوشێکی نامرۆییدا لە عەدەن و ئابین زیندانی کراون."

وتیشی ڕێکخراوەکە لە پەیوەندییدایە لەگەڵ بەرپرسانی یەمەن لە هەوڵێکیدا بۆ ئازادکردنیان.

ڕێکخراوەکە وتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی ئازادکردنی 1400 کۆچبەریان پێگەیشتووە کە لە بنکەی سەربازی سەر بە سوپا لە لەحەج زیندانی کرابوون. وتیشی بەلایەنی کەمەوە 14 کۆچبەریان بەهۆی سکچوونێکی زۆرەوە گیانیان لەدەستداوە لەکاتێکدا ڕێکخراوەکە چارەسەری نزیکەی 70 زیندانی دەکات.

جێی ئاماژەیە ساڵانە هەزاران کۆچبەر لە ئەفریقاوە دەگەنە یەمەن کە بەهۆی وشکی و بێکارییەوە لە وڵاتەکانی خۆیان هەڵدێن بەهیوای ئەوەی لە وڵاتانی کەنداو کاریان دەست بکەوێت.

میڵمان وتی " هەزاران کۆچبەری دیکە لە ناوچەکانی دیکەی سەرتاسەری یەمەن ڕێگەیان لێگیراوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG