سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش هانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی ڤانزوێلای کرد دەستبکەنەوە بە گفتوگۆکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانە سیاسییەکانی وڵاتەکە.
گۆتێرێش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " ڤانزوێلا پێویستی بە چارەسەرێکی سیاسی هەیە کە لە گفتوگۆی نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆنەوە سەرچاوە بگرێت.".
گۆتێرێش وتی " هەوڵەکانی سەرکردەکانی ناوچەکە و دەزگا نێودەوڵەتییەکان بەرز دەنرخێنم کە یارمەتی حکومەتی ڤانزوێلا و ئۆپۆزسیۆن دەدەن لە هەوڵیاندا بۆ ئەوەی وایان لێبکەن دەست بکەن بە گفتوگۆی سیاسی، بەتەواوەتی پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکەم."
لە مانگی چوارەوە هەتا ئێستا بەلایەنی کەمەوە 120 کەس بەهۆی توندوتیژییەکانەوە لە ڤانزوێلا مردوون.
گۆتێرێش کاتێک سەبارەت بە توندوتیژییەکانی حکومەتی ڤانزوێلا بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامی دەدات پرسیاری لێکرا وتی " ئەوە زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا سەرکەوتووانە توانیویانە خۆیان ڕزگار بکەن لە دەست تێوەردانی دەرەکی و دیکتاتۆرییەت، وە پێم وایە ئەوە دەستکەوتێکە کە دەبێت بپارێزرێت."
سەرچاوە/ VOA