Accessibility links

گۆتیرێش بۆ ئەنجومەنی ئاسایش: ناتوانین دەستبەرداری گەلی سوریا بین


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد ماوەی ئەرکەکانی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لە تورکیاوە بۆ ملیۆنان خەڵک لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا درێژ بکەنەوە. وتی " ناتوانین دەستبەرداری گەلی سوریا بین."
بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕێگەیداوە یارمەتییە مرۆییەکان لە تورکیاوە ڕەوانەی باکووری ڕۆژئاوای سوریا بکرێن، لە 10 ی مانگی حەوتدا بەسەردەچێت.

باکووری ڕۆژئاوای سوریا لەژێردەسەڵاتی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریادایە، حکومەتی سوریاش دەڵێت گەیاندنی ئەو یارمەتییانە لە تورکیاوە پێشێلکردنی سەروەری خاکی سوریایە. دەڵێت یارمەتییەکان دەبێت لە ناوخۆی وڵاتەکەوە بگەیەندرێن، ئەمەش نیگەرانیەکانی ئۆپۆزسیۆنی زیاتر کردووە و لەوە دەترسن یارمەتییە خۆراکییەکان و یارمەتییەکانی دیکە بکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتەوە.

گۆتیرێش گوتی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نەتەوە یەکگرتووەکان پێنج ئەرکی گەیاندنی لەو جۆرەی جێبەجێ کردووە و یارمەتییەکانی گەیاندووە بە باکووری ڕۆژئاوای سوریای ژێردەسەڵاتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام " بەوشێوە پێویستە نەبووە."

گۆتیرێش گوتی " داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە دەکەم بڕیارەکە بۆ ڕێگەدان بە گەیاندنی یارمەتییەکان لەسەر سنوورەکە بپارێزن. ئەمە ئەرکێکی ئەخلاقییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئازار و لاوازیی 4.1 ملیۆن هاوڵاتی ئەو ناوچەیەدا کە پێویستییان بە یارمەتی و پاراستنە."

گۆتیرێش گوتی لە سەدا 80 ی ئەوانەی پێویستییان بە یارمەتییەکانە لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا ئافرەت و منداڵن. مانگانە 800 بارهەڵگری یارمەتییەکان لەژێر ئەرکەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە تورکیاوە دەپەڕنەوە بۆ باکووری ڕۆژئاوای سوریا، گۆتیرێش داوای کرد ماوەی ئەرکەکان درێژبکرێتەوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد کە لەم مانگەدا سەردانی ئەو خاڵە سنوورییەی نێوان تورکیا و سوریای کرد کە یارمەتییەکانی پێدا دەپەڕنەوە، وتی ئەنجومەنەکەی دەبێت " بڕیارێکی ژیان یاخود مردن بدات " و پێویستە یارمەتی زیاتر بدرێت نەک کەمتر.

گوتی " ئەو یارمەتییانەی کە بە خاڵە سنوورییەکەدا دێنە سوریاوە بە تەنها، لە چاو پێویستییەکانی خەڵکەکەدا زۆر کەمترە. یارمەتییەکان دەتوانێت بگاتە دەستی هەزاران کەس نەک ملیۆنان کەس. یارمەتییەکی زۆر زیاتر پێویستە."

لە ساڵی 2014 دا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان مۆڵەتیدا بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لە دوو خاڵی سنووری تورکیا و ئوردونەوە بۆ ناو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا و عێراق. بەڵام ڕووسیا و چین ڤیتۆیان دژی بڕیارەکە بەکارهێنا و یارمەتییەکان تەنها لە یەک خاڵی سنوری تورکیاوە دەپەڕنەوە بۆ سوریا.

جێگری باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دمیتری پۆلیانسکی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ باکووری ڕۆژئاوای سوریا بە " بەزەییدار " ناوبرد.

باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ژانگ جون گوتی بڕیاری ئەرکەکانی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لە وڵاتێکی دیکەوە بۆ سوریا لەو کاتەدا " ڕێکخستنێکی نائاسایی " بووە و لە ئێستادا پێویستە ڕێکەوتن بکرێت بۆ کۆتایی هێنان بەو ئەرکانە و گەیاندنی یارمەتییەکان لە ناوخۆی وڵاتەکەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی سوریا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG