سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ڕۆژی یەکشەممە بەڵێنیدا سزای هەر " کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات کە بەشداربووبێت لە کردەوە تیرۆریستییەکاندا." ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەوەی کە هەندێک لە ئەندامانی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی بەشدار بوون لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل.
بەڵام گۆتیرێش داوای لە وڵاتان کرد بەردەوام بن لە پشتیوانییەکانییان بۆ دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی، دوای ئەوەی 9 وڵات پشتیوانییە داراییەکانییان بۆ ئەو دەزگایە ڕاگرت.
گۆتیرێش لە بەیاننامەیەکدا وتی " هەر کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداربووبێت لە کارەکانی تیرۆردا سزا دەدرێت، لە ڕێی سزای تاوانیشەوە. سکرتاریەت ئامادەیە بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ دەسەڵاتی پەیوەندیداردا بۆ لێپێچینەوە لەو کەسانە، بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ ڕێکارە ئاساییەکانی سکرتاریەتدا."
لە هەمان کاتیشدا وتی " ئەو دەیان هەزاران پیاو و ژنەی کە کار بۆ دەزگای پەنابەرانی فەلەستینی دەکەن، لە هەندێک لە مەترسیدارترین ڕەوشەکاندا بۆ کاری مرۆیی، نابێت سزا بدرێن."
لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بەو کێشەیە، گۆتیرێش وردەکاریدا سەبارەت بەو کارمەندانەی دەزگاکە کە تێوەگلاون لەو کارانەدا، وتی لە کۆی ئەو 12 کارمەندەی کە تێوەگلاون، نۆ کارمەندییان لە کارەکانییان دوورخراونەتەوە، یەکێکییان مردووە و ناسنامەی دووانەکەی دیکەش هێشتا ڕوون نەبووەتەوە.
دوای ئەوەی ئیسڕائیل ڕایگەیاند کارمەندانی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی بەشداربوون لە هێرشەکانی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل، ڕۆژی شەممە بەڕیتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، سویسرا و فینلەندا چوونە پاڵ ئەمەریکا و ئوستڕاڵیا و کەنەدا و پشتیوانییە داراییەکانییان بۆ دەزگاکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگرت، دەزگاکە سەرچاوەیەکی گرنگ و هەستیاری پشتیوانییە بۆ گەلی فەلەستینی لە غەززە.
گۆتیرێش وتی " لە کاتێکدا کە لە نیگەرانییەکانییان تێدەگەم، من خۆشم بەو تۆمەتانە ترسام، داوا لەو حکومەتانە دەکەم کە یارمەتییەکانییان ڕاگرتووە، لانیکەم گرەنتی بەردەوامبوونی ئەرکەکانی دەزگاکە بدەن."
بەڵام بەڕێوبەری دەزگاکە فیلیپ لازارینی توندتر قسەی کرد و وتی " زۆر نابەرپرسانە دەبێت سزای دەزگایەک و سەرانسەری ئەو کۆمەڵگەیە بدەیت کە خزمەتی دەکات لەبەرئەوەی هەندێک لە کارمەندەکانی تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانییان خراوەتەپاڵ، بە تایبەتی لە کاتی جەنگ و ئاوارەبوون و قەیرانی سیاسییدا لە ناوچەکەدا."
وتی " ژیانی خەڵکەکەی غەززە بەندە بەم پشتیوانییەوە و سەقامگیری ناوچەکەش بە هەمان شێوە بەندە پێوەی."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز