Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتی مەدەنی ئەفغانی کوژراون یاخوود برینداربوون


نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند لە ساڵی ڕابردوودا لە ئەنجامی توندوتیژییەکانەوە لە ئەفغانستان زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتی مەدەنی ئەفغانی کوژراون یاخوود برینداربوون و ئەو تەقینەوانەی توندڕەوان بەکاری دەهێنن هۆکاری سەرەکین لەکاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی ئەمەریکا و حکومەتی ئەفغانیش هۆکارێکی دیکەن بۆ کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی.

لە مانگی هەشتدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ستراتیژیی نوێی لە ئەفغانستان ڕاگەیاند و تیایدا هێرشە ئاسمانییەکانی زیاتر کرد. توندڕەوانیش لە هەفتەکانی ڕابردوودا بە زنجیرەیەک هێرش لە کابوڵ وەڵامیاندایەوە کە بوونە هۆی کوژرانی نزیکەی 150 کەس.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە داوە کە ژمارەی کوژراوان گەیشتۆتە 3438 و بریندارەکانیش ژمارەیان گەیشتۆتە 7015 کە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2016 دا ئەو ڕێژەیە لە سەدا 9کەمترە. بەڵام ژمارەکان تیشکیان خستۆتە سەر زۆریی قوربانییەکان بەهۆی تەقینەوەکانی توندڕەوەکانەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە سەدا 27 ی کوژراوان بەهۆی ئەو هێرشانەوە بووە کە لەدژی حکومەت ئەنجامدراون، بەدیاریکراوی کردەوە خۆکوژییەکان و ئوتومبێلە بۆمبڕێژکراوەکان."

هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا هێرشە ئاسمانییەکانی هێزە نێودەوڵەتیەکان و حکومەتی ئەفغانستان بوونەتە هۆی کوژران لە سەدا شەشی قوربانییەکان و ژمارەی کوژراوان گەیشتۆتە 295 و بریندارەکانیش گەیشتۆتە 336 کەس کە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2016 دا لە سەدا حەوت زیادی کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG